خۆرئاوا دەیەوێت گەشەسەندنی هەر وڵاتێک بوەستێنێت لە رووی ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەوە بەرەنگاری بکات

فیۆدەر لوکیانۆڤ
فیۆدەر لوکیانۆڤ، یەکێکە لە راوێژکارەکانی پوتن، سەرنووسەری گۆڤاری «رووسیا لە سیاسەتی جیهانی»، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوە
فیۆدەر لوکیانۆڤ، یەکێکە لە راوێژکارەکانی پوتن، سەرنووسەری گۆڤاری «رووسیا لە سیاسەتی جیهانی»، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوە

K24- هه‌ولێر:

فیۆدەر لوکیانۆڤ، یەکێکە لە راوێژکارەکانی پوتن، سەرنووسەری گۆڤاری «رووسیا لە سیاسەتی جیهانی»، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوە.

ئەلێکساندر لۆمانۆڤ، پڕۆفیسۆر لە زانستی مێژوو، جێگری بەڕێوەبەری توێژینەوە بۆ کاری زانستی توێژینەوەی نیشتمانی ئینستیتیوتی ئابووری جیهانی و پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان.

فیۆدەر لوکیانۆڤ: بە بابەتە هەنووکەییەکە دەست پێدەکەین، پەیوەندیدار بەو قەیرانەی لە ئەوروپا هەیە، چین بەجۆرێک مامەڵەی کرد، بەتێگەیشتنی لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە هەنووکەییە سەرکۆنەی رووسیای نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەوروپا ترسی سەرەکی ئەوەیە، چین وانە لەو هەڵوێستەی مۆسکۆ وەردەگرێت و هەمان شت بەرامبەر تایوان دەکات، لەم ڕۆژانەدا چی دەگوزەرێت لە چین ؟

ئەلێکساندر لۆمانۆڤ: ئەگەری ئەوەی، شی جین پینگ «سەرۆکی چین» هەوڵبدات هەنگاوی قورس بنێت سەبارەت بە تایوان لەو کاتەی ئێستادا زۆر کەمە، گرژی بەهۆی قەیرانی ئۆکراینا لێرەدا نابێت بە فاکتەرێکی دیاریکراو، لەوە گرنگتر کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی چین دەبەسترێت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا، لە چوارچێوەی کلتووری سیاسەتی چین لە کاتی کۆنگرەدا زۆر جەختدەکرێتەوە لەسەر یەکگرتن و سەقامگیری، ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەو سەقامگیرییە تێکدەدات، دەبێتە ھۆی شڵەژانی و ریسکێکی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت لە فەزای جیهانی دەرەوەدا. کۆنگرەی داهاتوو دەبێته‌ رووداوێکی نائاسایی، لەبەرئەوەی کارەکە بەو ئاقارە دەڕوات، کە ئەو پەیڕەوە تەقلیدییە هەڵدەوەشێتەوە، کە بەهۆیەوە سەرۆکی پارتی دەوڵەت پۆستی سەرۆکایەتی وەردەگرێت بۆ دوو خول و هەرخولێک پێنج ساڵ.  وا دەردەکەوێت، شی جینپینگ دەستبەرداری پۆستی سکرتێری گشتیی ناوەندی کۆمیتەی پارتی کۆمۆنیستی چین نابێت دوای کۆنگرە لەمساڵدا. تا بەهاری ساڵی 2023 دەمێنێتەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی چین. ئەو دەمێنێتەوە هەتا پێنج ساڵی دیكه‌، رەنگبێت زیاتریش. بۆئەوەی ئەو نوخبەی حوکمڕان ڕازیبکات، پێویستە نەک تەنها وەڵامی داواکان بداتەوە لە فەزای ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵکو دابینکردنی سەقامگیری ناوخۆیی و پاراستنی گەشەسەندنی ئابووری و گرنگیدان بە ژیانی هاووڵاتیانی ئاسایی.

ئاماژەکان وای دەردەخەن، چین سێیەمین ساڵە سیاسەتی«نەبوونی سازش» بەرامبەر کۆرۆنا پەیڕەودەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایان پێیانوایە ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبێت بەلانی کەم تا دوایی کۆنگرە و درێژ دەبێتەوە تا ساڵی 2023.

ئەو سیاسەتە دەیەوێت بڵێت گرنگی بە ژیانی هەموو هاووڵاتیەک دەدات. ئامارەکانی چین لەسەر ئاستی جیھانی دڵخۆشکەرن. کۆی گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون بەهۆی کۆرۆناوە لە 5000 تێپەڕ ناکات. رێوشوێنە باوەڕپێنەکراوەکان دژی کۆرۆنا باشیەکانی سیستەمی چین نیشاندەدات لە بەرەو پێشبردنی کەرتی تەندروستی. بەڵام دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی، دەبێتە ھۆی خوێنڕێژی و کۆمەڵێک سزای ئابووری گەورە دژی چین. پێموایە ئەوە لە ساڵی 2022 روونادات. هەروەها ئەگەرێکی کەمیش هەیە تەنانەت لە داهاتووش رووبدات.

فیۆدەر لوکیانۆڤ: کەواتە با بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، پەنجا ساڵ لەمەوبەر سەردانی سەرۆکی ئەمه‌ریکا ریچارد نیکسۆن وەک سەردانێکی لەیادنەکراو مایەوە، کە زۆرێک بۆچوونییان وایە، بەهۆی خاڵی وەرچەرخان لە شەڕی سارددا. یەکگرتنی چین و ئەمه‌ریکا دوای 15 ساڵ بە شکستی یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی ھات. ئایا چین ئەو سەردانە وەک بەشێک لە سیاسەتی جیهانی دەبینێت، یان بەر لەهەموو شتێک پتەوکردنی بەردی بناغەی ناوخۆ بوو؟

ئەلێکساندر لۆمانۆڤ: شارەزایانی چینی ناتوانن نکوڵی لەم راستییە حاشاهەڵنەگرە بکەن. ئەوە یەکگرتنێکی نێودەوڵەتی دژە سۆڤیەتی بوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. لە تەفسیرکردنی مێژوو بارودۆخێکی قورس سەرهەڵدەدات، لە چین زۆر جار داخ بۆ کەوتنی سۆڤیەت دەخۆن، لەلایەکی دیكه‌وه‌ جەخت لەوە دەکەنەوە دەزگای هەواڵگری خۆرئاوا دەستی تێدا هەبووە، یەکێتی سۆڤیەت بووە قوربانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆرئاوادا، هەروەها لە روانگەی دانیشتوانەوە ئەولەویەتی فاکتەرە ناوخۆییەکان پەیوەندی بە کەوتنی پارتی کۆمۆنیستی چین و بیرمەندەکانییەوە هەبووە. هەرچۆنێک بێت لە چین دەربارەی رۆڵی «فاکتەری چین» لە کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت بە دەگمەن باس دەکرێت. بەمەش دەتوانین لەوە تێبگەین چین رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت.

پێکهێنانی هاوپەیمانی چین لەگەڵ ئەمه‌ریکا شۆکێکی گەورەی دروستکرد لەسەر ئاستی سەرکردایەتی سۆڤیەت. زۆر بەخێرایی بووه‌ هۆی بەرزکردنەوەی خەرجی لە دروستکردنی ژێرخانی سەربازی لە خۆرهەڵاتی دوور لە رووسیا، ئەو پڕۆژە خەرجیە بوو بە بارێکی قورس بۆ وڵات، کە پەلکێشکردنی بوو بۆ جەنگ لەگەڵ ئەمه‌ریکای رکابەریدا. رووبەڕووبوونەوەکانی ساڵانی  1970 کان لەدوو بەرەوە بوو، دژی خۆرئاوا، وە دژی چین، بووه‌ هۆی نزیکبوونەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە کەوتن.

هەرچەندە، چین نکوڵی لەوە ناکات، کە ئەمە یەکگرتنێکی دژە سۆڤێتی بوو. ماوتسی دۆنگ ئەوەی راگەیاند، رووسیا قەڵای «سۆشیال ئیمپریالیزمە». ئەوە بوو بە ئەرگۆمێنتێکی فەرمی بۆ نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئەمه‌ریکادا. لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمه‌ریکا و چین زیاتر لەو خاڵە تێپەڕیان کرد. شارەزایانی چین پێیانوایە، ئەگەر ئەوەی بنیادنرا تەنیا بۆ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت بووبێت، ئەوا هاوپەیمانی ئەمه‌ریکا و چین لەگەڵ رووخانی یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی دەهات، بەڵام ئەوە رووینەدا، هاوپەیمانییەکە نزیکەی نیو سەدە بە سەرکەوتوویی پەرەی سەندووە. پەیوەندی نێوان ئەمه‌ریکا و چین تەنیا لەسەردەمی تره‌مپ تێکچوو. بەڵام پێش ئەوە لە نەوەدەکان و دە ساڵی سەرەتای سەدەی بیست و یەک پەیوەندی ئەمه‌ریکا و چین لە گەشەدابوو، تەنانەت ئایدیای ئەگەرێک لەدایک بوو، کە واشنتن و پەکین دەبن بە «دووانەی گەورە»ی بەڕێوەبەری جیهان.

لەگەڵ ئەوەی ئەم نزیکبوونەوەی ئەمه‌ریکا و چین لەسەر بنەمای دژە سۆڤیەت بوو، هەروەها بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەردوولاش زۆر گەورەبوون و هەردوولا بەبراوەیی مانەوە.

دیدارەکەی نیکسۆن و ماوتسی دۆنگ لە چین جەخت لەوەدەکاتەوە، کە نزیکبوونەوە لە ئەمه‌ریکا یارمەتی چینی دا لەو گۆشەگیرییە دەربچێت کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تێیکەوتبوو، هەروەها هاوپەیمانیەتییەکی بەهێز بەدەستبێنێت لە خۆرئاوا. بەهۆی پشتیوانی ئەمه‌ریکاوە بەر لەسەردانەکەی نیکسۆن، چین توانی جێگەی خۆی بکاتەوە لە کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بەیاننامەی شانگەهای، لەکاتی سەردانەکەی نیکسۆن پەنجا ساڵ لەمەوبەر نوسرا، دان بە پرەنسیپی یەکبوونی چین نرا. ئەوە رێک ئەو شتەیە لە ئێستادا چینییەکان نیگەران دەکات زیاتر لەهەرشتێکی تر. چینییەکان بەردەوام بەبیر ئەمه‌ریکییەکانی دەهێننەوە، کە ئەوان بەڵێنیاندا دان بە پرەنسیپی یەکبوونی چین بنێن، ئەمه‌ریکییەکان گوتیان چین یەکەو تایوان بەشێکە لێی. لێرەوەیە نیگەرانی چین بە پابەند نەبوونی ئەمه‌ریکا دەستپێدەکات. پابەندبوونێکی روون نیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە بەیاننامەی شانگەهای دراون.

چینییەکان گومانیان لەوە نییە، کە لەسایەی لوتکەی ساڵی 1972 دا، ئەمه‌ریکا بەپشتگیری پەکین لە ئەنجامدانی کشانەوەی سەربازە ئەمه‌ریکییەکان لە ڤێتنام سەرکەوتنی بەدەست هێنا. لە ستراتیژییەتی دوورمەودا نزیکبونەوەی ئەمه‌ریکا و چین یارمەتی ئەمه‌ریکای دا بە براوەیی لە جەنگی سارد بێتە دەرەوە. لەبەرئەوە لە لێکۆڵینەوەی مۆدێرنی چینی ئەو رێککەوتنانە دەبنە بەرمەبنای هاوسەنگی و سوود بۆ هەردوو لایەن.

ئامادەکاری بۆ نزیکبونەوەی چین و ئەمه‌ریکا لە ساڵی 1971 دەستیپێکرد. سەیر دەردەکەوێت، کە ئەوە روویدا لە ساڵانی«شۆڕشی کلتووری» کە لەسەر دەستی ماوتسی دۆنگ گەڵاڵە بوو بۆ تێکشکاندنی یەکە بۆرژوازییەکانی ناوخۆی دەزگای حیزب و دەوڵەت. لە لایەکەوە لە ناوەندی سیاسەتی ناوخۆیی دروشمی «شەڕی چینایەتی» دەرکەوت بەبێ هیچ سازش و کشانەوەیەک. لەلایەکی دیكه‌وه‌ نزیکبوونەوەی چین لەگەڵ بۆرژوازییەکانی خۆرئاوا بەگەرموگوڕی دەستیپێکرد. ئەمە خوێندوەیەکی زیاترە، کە چۆن چەمکە سیاسییە دەرەکییەکانی چین گرنگن. لە ناوخۆی چین ماوتسی دۆنگ بەیارمەتی ئامرازەکانی «شۆڕشی کلتووری» دەجەنگا بۆ نزیکبوونەوە لە ئایندەیەکی کۆمۆنیستی، بەڵام لە ستراتیژییەتی سیاسەتی دەرەکییان چەمکی «سێ جیهان» دەرکەوت.

ئەو چەمکە پێیوابوو، نەخشەی جیهان لە رکابەرایەتی سۆسیالیزم و کەپیتاڵیزم پێکنەهاتووە، بەڵکو بەڕێککەوتنێکی ئاڵۆزی سێ هێز پێکیدەهێنێت. ماوتسی دۆنگ پێیوابوو، جیهانی یەکەمی سەرووی هەموو هێزەکان بریتین لە یەکێتی سۆڤیەت و ئەمه‌ریکا، جیهانی دووەم وڵاتانی پێشکەوتوی ئەوروپا و ئاسیا، جیهانی سێیەم وڵاتانی گەشەسەندوو، کە لەناویاندا چین هەیە. سەرۆکی چین بانگەشەی یەکگرتنی جیھانی دووەم و سێیەمی دا بۆ بەگژداچوونەوەی جیهانی یەکەم، هەڵبژاردنی یەکێک لە هێزەکانی جیهانی یەکەم، ماوتسی دۆنگ ئەمه‌ریکای وەک هاوپەیمان قبوڵکرد دژی یەکێتی سۆڤیەت. ئێستا لە چین ئەو ماوەیە، میراتی ماوتسی دۆنگ ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە بەشێوەیەکی گشتی، جگە لە هەندێک هەڵەی «شۆڕشی کلتووری» و فەشەلی «بازدانی گەورە»  کەبو بەهۆی خەسارەتێکی گەورەی ئابووری. دانایی سیاسەتی دەرەوەی ماوتسی دۆنگ لە قۆناغی «شۆڕشی کلتووری» لە چین ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە. «رابەری گەورە» بیری لە ئابووری بازاڕ و کرانەوەی جیهانی دەرەوە نەکردەوە، بەڵام دیداری بابەتیانەی ماوتسی دۆنگ و نیکسۆن هەلومەرج و دەستپێکێکی درەوشاوەی بونیادنا بۆ دێن سیاۆپینە. ئەو توانی ئاسان ریفۆرم بکات بەیارمەتی ئەوەی ئەو پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی نەبوو لەلایەن خۆرئاواوە. خۆرئاوا زۆر بە باشی کەوتبۆ بەرەی چینەوە بەیارمەتی دیدارەکەی ماوتسی دۆنگ و نیکسۆنەوە لە ساڵی 1972

ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری دیمەنەکە بکەین، بەیارمەتی ئەو دیدارە چین زۆر زوتر لە یەکێتی سۆڤیەت دەرچو لەشەڕی سارد. بۆ رووسیا شەڕی سارد کۆتایی پێهات لە کۆتایی ساڵانی 80، بەڵام چین لەسەرەتاکانی 70 کان لەشەڕەکە دەرچوو. بەڵام لە شەڕی ساردی دووەم، ئەگەر بەشێکی ئێستای ململانێکانی نێوان چین و ئەمه‌ریکا حساب بکەین، ئەوا چین زۆر درەنگتر لە رووسیا کەوتە ناو شەڕەکەوە. بەنزیکەیی لە ساڵی دووەم -سێەمی ئیدارەی ترەمپ دەستیپێکرد. سەیر دەردەکەوێت، بەڵام شەڕ دژی بۆرژوازییەت و جێگیرکردنی ئایدیاکانی شۆڕشی کۆمۆنیستی لە ئاگایی کۆمەڵگای چین. ماوتسی دۆنگ بەیارمەتی دیدارەکەی لەگەڵ نیکسۆن گەرەنتی دەستپێک و باشترین هەلومەرجی دا بۆ ریفۆرمی ئایندەی بازاڕ، کە بونە بنەمای دابینکردنی درەوشانەوەی ئێستای چین.

فیۆدەر لوکیانۆڤ: دەکرێت بڵێین، چین نەک تەنها درەنگتر لە رووسیا چووە ناو جەنگی ساردی دووەمەوە، بەڵکو زۆر بەهێزتر لە رووسیا بەشدار بوو، بەو هۆیەشەوە وەستانی جەنگی ساردی بەکارهێناوە بۆ بەهێزکردنی خۆی و سوود وەرگرتن بوو لە ئامادەنەبوونی جەنگێکی سارد لەگەڵ خۆرئاوادا. لەو روانگەیەشەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە سیاسەتێکی زۆر ژیرانەیە. بە شێوه‌یه‌كی گشتی چین ئاگاداری ئەو پشکداریەیە کە، ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووییەتی بۆ هەستانەوەی ئەو؟

ئەلێکساندر لۆمانۆڤ: بێگومان، ئەوان بە دڵنیاییەوە درکی پێدەکەن. لە راستیدا، چین هیوای خواست کە، ئەم شێوە هاوکارییە نزیکانە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بەردەوام بێت. دەتوانین چەمکی «سەرهەڵدانی ئاشتی چین» وەبیر بهێنینەوە، کە هەزارەها ساڵە دەرکەوتووە. پەکین بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە، چین بەهۆی پێشکەوتنی دینامیکی ئابوورییەکەیەوە هەموو دەرفەتێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین ئابووری لە جیهاندا، وە دیمەنی داهاتووی بوون بە ئابووری ژمارە یەک کە پێش ئەمه‌ریکاش دەکەوێتەوە. شارەزایانی چینی، بە پلەی یەکەم ئابووریناسان، دەیان ساڵە باسی ئەم دیمەنە لە پێشکەوتنەیان دەکەن. دوای قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی 2008، ئەم بابەتە لە چین لە هەموو شوێنێکدا بەر گوێ دەکەوت. هاوکات بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە، دەستدرێژی سەربازیی و سیاسیی لە کارە لەپێشینەکانیان نەبێت وەک ئەوەی لە ئەمریکادا هەیە، واتا هەوڵ نەدەن ببنە "ئەمه‌ریکای دووەم" بەهەمان شێوەی ئەوان، ئەو ژمارە لە چەک و بنکە سەربازییە دەرەکییەکان هەبێت. ئارەزوو ویستی چینی ئەم هاوئاهەنگی و هەماهەنگییە ئاشتیانەیە لەگەڵ ئەمه‌ریکا، لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە کە، چین لە رووی ئابوورییەوە بەهێز دەبێت، هەروەها بە نزیکەییش وەک ئەمه‌ریکا پەرەی سەندووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەوڵنادات ئەمه‌ریکا لە پێگە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییە جیهانییەکانی وەدەربنێت.

دەرکەوت کە بۆ ئەمه‌ریکا بوونی چین تەنانەت وەک هێزێکی ئابووری یەکسانیش قبوڵ کراو نییە. ئەمەش لە لایەن چینەوە، سوپڕایزێکی چاوەڕاننەکراوی گەورە بوو.

لەوانەیە بیرمان بێت کە، شی جینپینگ دەسەڵاتی گرتە دەست، بانگەشەی پڕوپاگندەی چەمکی «شێوازی نوێی پەیوەندی لە نێوان زلهێزەکاندا» کرد. ئەم بیرۆکەیە ئاڕاستەی ئەمه‌ریکا کرا، بۆ ئەوەی جۆرێکی نوێ لەپەیوەندی نێوان چین و ئەمه‌ریکا بێتە ئاراوە، لەسەر بنەمای ململانێ و رێزگرتنی هاوبەش و دەستکەوتی هاوبەش، هەروەها هەڵوێست وەرگرتن لەبەرژەوەندییەکانی یەکتر کە رەچاوی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی چین بکات، لەبەرامبەردا چین بەڵێنیدا کە، دەست نەخاتە کارو بارو بەرژەوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمه‌ریکا. ئەم بیرۆکەیە لە کۆتایی ئیدارەی ئۆبامادا دەستی بە وەستان کرد، هەروەها بەهۆی ترەمپەوە بەتەواوی هەرەسی هێنا، وە کەوتە هێرشێکی بەهێز و کاریگەر بۆ سەر چین. ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەدڵی چینییەکان نەبوو. ئەوان لەوە تێدەگەن کە وڵاتەکەیان چەندە قازانج و سوودی بەدەست هێناوە، بەهۆی هەماهەنگییان لەگەڵ ئەمه‌ریکادا. بەڵام ئەم تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی روون و ئاشکرایە کە، بازرگانی ئەمه‌ریکی قازانجی گەورەی لە بازاڕی چینییدا کردووە، چونکە کاڵا بۆ کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان لە لایەن کرێکارانی چینیەوە بەرهەم دەهێنرێت، کە بەتایبەتمەندییەکانیان لەرووی لێهاتوویی و بەرزی توانایان جیادەکرێنەوە، تا ئەم دواییانەش – بەکرێیەکی زۆر نزم دەستی کاریان دەستەبەر کردووە. چین بەدوای ئەوەدا نییە بازرگانە ئەمه‌ریکییەکان لە چین دەربکات. بە پێچەوانەوە، ئەوان داوا دەکەن بەردەوام بن لە وەبەرهێناندا. چین زامنی پاراستنی سامانی تایبەتمەندییە رۆشنبیرییەکان، هەروەها وەبەرهێنان، بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بەگشتی و ئەمه‌ریکی بەتایبەتی، پتەوتر دەکات. لەهەمانکاتدا هەلومەرجی کارکردن لە چین زیاتر سەرنجڕاکێشتر و سەقامگیرتر دەبێت، لەسەر بنەمای چوارچێوەی یاسادانان. لە چین هیوا دەخوازرێت، کە بازرگانی- بە قازانجی بازاڕی چینی بشکێنرێتەوە،  زوو یان درەنگ کاریگەری بخاتە سەر دامەزراوەی سیاسی لە ئەمه‌ریکادا، بە ئاراستەی کاریگەری نەک تەنیا لە رووانگەی ئابووریەوە، بەڵکو لە رووانگەی پەیوەندییە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانیشەوە.

فیۆدەر لوکیانۆڤ: ئاشکرایە، کە چین تەنها گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات، وە زۆر کردارییە (پراگماتیکییە) لە هەموو شتێکدا. تاچەند رووسیا دەتوانێت پشت بە چین ببەستێت، لە ئەگەری ململانێیەکی زۆر تووندوتیژ لەگەڵ رۆژئاوادا، کە جەنگێکی ئابووری قەبارە گەوەرەی تەواوە؟ ئایا نابێتە هۆی هەڵگەڕانەوەی چین، کاتێک رووسیا خۆی لە لوتکەی جەنگی سزاکاندا بدۆزێتەوە؟

ئەلێکساندر لۆمانۆڤ: لە چین، بێ متمانەیی و تێنەگەیشتن لە کێشەکانی رووسیا هەیە. بەشێکی بەهۆی کاریگەری بەجێماوی ناڕەزایەتییەکانی «سۆڤیەتی-چین»ەوە لە دەیەکانی رابردوودا، وە بەشێکیش بەهۆی کاریگەری شیکارییە سیاسییەکانی رۆژئاوا لەسەر مێشک و هزری رۆشنبیرانی چینی دروست بوو. تا ئەم ماوەنەی دواییش، چین بە پاساوی ئەوەی کە، رووسیا بە بەردەوامی لە پێناو فراوانخوازییدا تێدەکۆشێت، رووسیا وڵاتێکی زۆر شەڕانگێزە، هەر ئەمەش هۆکاری جیاوازی نێوانییانە، چین دەزانێت چۆن پەیوەندی لەگەڵ هەموواندا دروست بکات. سەرهەڵدانی جیاوازییەکی سادە لە نێوان چینێکی دڵخۆش و سەرفرازدا بەهۆی ناکۆکی نەکردنییەتی لەگەڵ رووسیادا، کە گوایە رووسیا بەدەست ئاڵۆزییە شارستانییە حەتمی و ئاواتە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە دەناڵێنێت، هەر بەم هۆیەشەوە ناتوانێت سەرکەوتنی ئابووری گرنگ بەدەست بهێنێت. ئەم کڵیشەیە (وێنە لاستیکییە) دەتوانرا لە بڵاوکراوە ئەکادیمییە چینییەکاندا هەتا لانی کەم ناوەڕاستی دەیەی رابردوو بدۆزیتەوە.

بەڵام دواتر ئەو راستییە لەناکاو هاتە دی، کە پابەندبوون بە هاوسەنگییەتی ئاشتییانە کە، رێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چین ناپارێزێت لە فشاری سزاکانی ئەمه‌ریکا، لە سیاسەتی بەیەکەوە بەستنی بە رۆژئاواوە، لە خواستی ئەمه‌ریکا بۆ خاوکردنەوەی گەشەسەندنی چین لە بواری زانستی و تەکنەلۆژیادا.

بەبڕوای من، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە چین، تێگەیشتنی رووسیا بۆ کێشە جیۆپۆلەتیکییە راستەقینەکانی قووڵتر و بابەتی تر بووە. چڕبوونەوەی ناکۆکییەکان لەپەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمه‌ریکادا ئەوە نیشاندەدەن، کە چاڵێنجی بەرنگاربوونەوە دەرەکییەکان بۆ ئاسایشی رووسیا نەک تەنها هەر بەهۆی هەندێک کێشە ئەفسانەییەکانی لەگەڵ سایکۆلۆژیای نەتەوەیی و کاراکتەری نەتەوەیی رووسەکان نییە کە لەخولەکانی مێژوودا پێکنەهێنراوە.

تەنیا ئەوەیە کە، خۆرئاوا دەیەوێت گەشەسەندنی هەر وڵاتێک بووەستێنێت، کە لە ڕووی ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەوە بەرەنگاریی بکات. ئێستا چین رووبەڕووی ئەم تەحەددییە دەبێتەوە.

هەروەها چین لەوە تێدەگات کە، ئەگەر رووسیا ببێتە یەکەم قوربانی لە شەڕی ئەمریکادا، بە زلهێزە بێ وەلاو نادڵسۆزەکانەوە، ئەوا چین بەتەنیا هەر خۆی دەمێنێتەوە. لەو باوەڕەدام کە، لە قۆناغی پەرەسەندنی ئێستای بارودۆخی نێودەوڵەتیدا، چین پشتگیری رووسیا دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی فشاری خۆرئاوا.

کێشەی ترسە هاوبەشەکان زۆر گرنگە. ئەگەر گفتووگۆ لەگەڵ شارەزایانی چینی بکەین، ئەوەی لێدەخوێنینەوە کە دەینووسن، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆر دەترسن رووسیا پاڵبداتە لایەنی خۆرئاوا، لەوکاتەدا چین بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەم گریمانەیە لەسەر بنەمای عەقڵانییەت و لۆژیکی شارستانییەتە، لەسەر ئەوەی کە رووسیا هی شارستانییەتی مەسیحیی رۆژئاواییە، بەهۆی نزیکایەتی لەگەڵ ئەوروپا و کەلتورەکەی. بۆ ئەوەی هاوکاری نێوان رووسیا و چین بە ڕاستی کاریگەر و درێژخایەن و بەردەوام سەقامگیر بێت، پێویستە کاری زۆر بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوونی سستی ئەم فۆبیا سیاسیانە بکرێت. «ڕێککەوتنەکە» لە نێوان ماوتسی دۆنگ و نیکسۆن برینێکی قووڵی لە بیرەوەرییە مێژووییەکانی نوخبەی سیاسی و رووناکبیری وڵاتەکەمان بەجێ هێشت، کە چاوەڕوانی ئەو جۆرە لە هەڵگەڕانەوەیەکی توندی دژە سۆڤیەتی لە لایەن سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چینی نەدەکرد.

لە هەمانکاتدا چین خەریکە لەوە دەترسێت کە، رووسیا لە ناکاو لە لایەن خۆرئاواوە چەند مەرجێکی نمونەیی فریودەر لە بوارەکانی ئابووری، ئاسایش، هەماهەنگی، هاوکاری و وەبەرهێنان، هتد... پێشکەش بکرێت، ئەوکاتە هەمان خاڵی وەرچەرخان ڕوو دەدات، گەڕێکی نوێی «رێککەوتنەکە»ی نێوان ماوتسی دۆنگ و نیکسۆن ئەمجارەیان ڕوسیا ئاراستەی دەکات. ئەگەر رووسیا بگەڕێتەوە بۆ شوێنی پێشووی یەکگرتنەوە بۆ ناو «ماڵی هاوپەیمانی ئەوروپا»، دۆخی جیۆپۆلەتیکی چین بە شێوەیەکی بەرچاو تێکدەچێت. بەتێگەیشتن لەو بەرژەوەندی و بایەخە گرنگانەی نێوان هەردوولا، دەکرێت بەئاسانی بنیات بنرێنەوە. نوخبەی رووسی و چینی پێویستیان بە تێگەیشتنێکی قووڵتر و گونجاوتر هەیە لە ئاوات و هەستەکانی ئەودیو بۆ ئەوەی لە تێگەیشتنە خراپەکان دوور بکەونەوە کە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر هاوکاری دوولایەنەمان هەبێت.

فیۆدەر لوکیانۆڤ: دەکرێت شتێک بگووترێت، بۆ دڵنیاکردنەوە و هێورکردنەوەی هەڤاڵە چینییەکانمان- ئێمە هەموو شتێک دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیە هەرگیز جێبەجێ نەکرێت.

وه‌رگێڕانی: لە رووسییەوە: د.سەرباز عه‌زیز وەرتی، هێدی خالید- ماستەر لە دارایی گشتی