تێمێکی هاوبەش لە نێوان وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا و کوردستان پێکهێنرا

K24- ههولێر:
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانى ههرێمی كوردستان بەسەردانێکی فەرمی ماوەی سێ رۆژە لە ئەڵمانیایە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەك دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەران و راوێژکاران و پارێزگاری شاری کاسڵی ئەڵمانیا ئەنجامداوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، لەگەڵ کەرتی تایبەت و ژمارەیەك خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەری ئەڵمانی، تاوتوێی پیشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەدواین کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ پارێزگاری کاسڵی ئەڵمانیا، باسیان لە پتەوکردنی هەماهەنگییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانیان کردووە .
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارێزگاری شاری کاسڵ و ژمارەیەك وەبەرهێنەری گەورە بڕیاردرا، تیمێکی هاوبەش لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتی ئەڵمانیا و دەستەی وەبەرهێنان پێکبهێندرێت و کار لەسەر سیکتەرە سەرەکیی و پێویستییەکانی کوردستان بکەن، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و رێگەوبان، بڕیاریشە مانگی داهاتوو شاندێکی حکومەت و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
H.B