وەزارەتی بازرگانی سووریا: یەدەگی گەنم لە ئاستێکی باشە

"وڵاتەکەمان گەنم لە ئۆکرانیا هاوردە ناکات"
یەدەگی گەنم
یەدەگی گەنم

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بازرگانی سووریا رایگەیاند، یەدەگی گەنم لە وڵاتەکەی باشە و پێویست بە نا دڵنیایی ناکات.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، وەرزی دروێنەی گەنم نزیکبووەتەوە و بە نرخێکی باش بۆ جوتیاران بە بازاڕی دەکەن، بۆی پێویست بە هیچ نادڵنیاییەک لەبارەی گەنم و نان لە وڵاتەکە ناکات.

وەزارەتی بازرگانی سووریا ئاماژەی بەوەداوە، وڵاتەکەیان گەنم لە ئۆکرانیا هاوردە ناکات، بەڵکو زۆربەی هاوردەکانی لە رووسیایە، بۆیە هیچ سزایەکی رۆژئاوا دیمەشق ناگرێتەوە لە هەمان کاتیشدا پێویستیان بە هاوردەکردنی هیچ بڕە گەنمێک لە هیچ وڵاتک نییە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش، محەمەد سامر وەزیری ئابووری و بازرگانی سووریا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی پێویستی بە هاوردەکردنی 1.5 ملیۆن تۆن گەنم هەیە و زۆربەشی لە رووسیاوە هاوردە دەکات.