"هێرشبەرێکی فەڵەستینی لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە تەقەی لێدەکرێت"

پۆلیسی ئیسرائیل: بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کەسێک
دیمەنی رووداوەکە
دیمەنی رووداوەکە

K24 - هەولێر:

پۆلیسی ئیسرائیل لە شاری قودس رایگەیاند، تەقەیان لە کەسێکی بە رەگەز فەڵەستینی کردووە کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کەسێکی دیکە و برینداری کردووە. 

 راگەیەندراوێک کە لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە گومانلێکراوێک لە قودسی خۆرهەڵات بەچەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کەسێک کە بە رێگادا رۆیشتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و تەقەی لە گومانلێکراوەکە کردووە و لە چالاکی خستووە.

لەو هەواڵانەی لە میدیای ئیسرائیلدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەو کەسەی بەچەقۆ هێرشی کراوەتە سەر تەمەنی ٣٥ ساڵانە و برینداربووە و ئەنجامدەری هێرشەکەش بە سەختی بریندار کراوە.

لەو دیمەنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت شوێنی رووداوەکە بێت، دوو کەس بە دیدەکرێن لە لێوای رێگاکەدا کە دەمەقاڵێیانە و یەکێکیان لەسەر زەویەکە دانیشتووە.

لە دیمەنێکی دیکەدا، دەردەکەوێت کە پۆلیسی ئیسرائیل تەقە لەو کەسەیان دەکات کە بەپێوە وەستاوە.

سەرچاوە: AA

H.H