د. عهبدوڵڵا مهلا وهیسی: ئهوانهی تۆمهت بۆ كورد هەڵدەبەستن، مەعبەدی جولەکە لە تاران دەکەنەوە
K24- ههولێر:
د. عهبدوڵڵا سهعید وهیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماژه بۆ ئهوه دهكات، کەسانێك دەیانەوێت رووی جوانی مێژووی کورد و دیندارییەکەی لهکەدار بکەن، بهڵام بەداخەوە ئەوانەی ئەو جۆرە تۆمەتانە بۆ كورد هەڵدەبەستن، خۆیان مەعبەدی جولەکە لە تاران دەکەنەوە و رێگەش بە بوونی مزگەوتی سووننە نادەن و ناوچە سووننەکانی عیراقیشیان وێران کردووه.
ئهم گوتانهی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لهكاتی بهشداریكردنی له سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (منبر الأقصى) لە شاری ئیستەنبۆڵ له تورکیا هاتوون، كه بە بەشداری دەستە و دامەزراوەی ئایینی و زانایانی 40 وڵات لەلایەن دامەزراوەی (منبر الأقصى)ـوه، بە ئامانجی پاڵپشتیكردن لە دۆزی رەوای قودس و مزگەوتی ئەقسا بەڕێوەچوو، د. عبدوڵڵا سهعید وهیسی له درێژهی وتارهكهیدا ئاماژهی به دژایهتیكردنی كورد لهلایهن ههندێك لایهنی ناوچهكه كرد.
لەو کۆنفرانسەدا كه له رۆژانی 18و19ی3ی2022، بهڕێوهدهچێت، چەندین گوتار و توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی پێشکەش کران، سەرۆکی یەکێتی زانایانیش له گوتارهكهیدا وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە، پهیوهندیی کورد و قودس به پەیوەندیەکی مێژوویی و پڕ لە شانازی وهسفكرد، لەبەر ئەوەی سەرکردەی ناوداری نەتەوەیی و ئایینی سەڵاحەددینی ئەیوبی قودسی رزگار کردووه، ئەمەش بووە مایەی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ جیهانی ئیسلامی بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان گوتی: "ئێستاش رۆڵەکانی کورد لەسەر هەمان رێچکە و رێبازی سەڵاحەددینی ئەیوبین لە خۆشەویستیان بۆ قودس و پارێزگاریکردن لە پێگە پیرۆزەکەی، بەڵام بەداخەوە کەسانێك دەیانەوێت رووی جوانی مێژووی کورد و دیندارییەکەی و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لهکەدار بکەن، بەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، تا کار گەیشتە ئەوەی ئێران لە 13ی ئەم مانگە لە رێی ژمارهیهك مووشهكهوه چەند ناوچەیەکی هاووڵاتینشینی مووشهكباران کرد، بە بیانووی بوونی بنكهی ئیسرائیلی لەو ناوچانە، بەداخەوە ئەوانەی ئەو جۆرە تۆمەتانە هەڵدەبەستن، خۆیان مەعبەدی جولەکە لە تاران دەکەنەوە و رێگەش بە مزگەوتی سووننە نادەن هەبێت، بگرە ناوچە سووننەکانی عیراقیشیان وێران کرد، ئەوان هەر کەسێك نەچێتە ژێر باریان دەیان تۆمەتی ناڕەوایان بۆ دروست دەكەن، مەبەستیانە کورد لە سووننە دوور بخەنەوە و شەقامی وڵاتانی عەرەبی دژ بە کورد بجووڵێنن، بەڵام لێرەوە رایدەگەیەنین، کورد شانازی بە برایەتی هەمووانەوە دەکات، هیچ کاتیش ئامادە نییە لەسەر تۆمەتی بێ بنەما دژایەتی کەس بکات، ههروهها دەبێت هەمووان کار بۆ سەقامگیری و ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بکەین".
H.B