"ئەمەریکا پێشناز دەکات تورکیا سیستمی بەرگری S400 بە ئۆکرانیا بدات"

سێ سەرچاوە زانیارییەکان دەخەنەڕوو
سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس400
سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس400

K24 - هەولێر

ئەمەریکا پێشنیازی بۆ تورکیا کردووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی (ئێس400) بە هێزەکانی ئۆکرانیا بدات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا مانگی رابردوو لە رێگەی پەیوەندییکردنەوە بە بەرپرسانی تورکیا ئەم بیرۆکەیان پێشنیازکردووە، بەڵام پێشنیازەکە بە فەرمی نەکراوە، بۆ ئەوەی تورکیا سیستمی ئێس 400 رووسی بە سوپای ئۆکرانیا بدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشووتر حکومەتی سلۆڤاکیا، ئامادەیی دەربڕی بوو لە پێدانی سیستمی ئێس300 بە هێزەکانی ئۆکرانیا، بەڵام بەو مەرجەی ئەمەریکا لە بەرامبەردا سیستمی پێشکەوتووتری بەرگری ئاسمانی پێبدات.

تورکیا لە 2017 رێککەوتنی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی جۆری ئێس400ی لەگەڵ رووسیا واژۆ کرد، ئەمەش نیگەرانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی ناتۆی لێکەوتەوە، بەم هۆیەوە ئەمەریکا گرێبەستی پێفرۆشتنی فڕۆکەی ئێف35ی لەگەڵ تورکیا هەڵپەرسارد.