به‌ریتانیا ژه‌می چواره‌می ڤاكسینی كۆرۆنا دابینده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
به‌ریتانیا ئه‌م هه‌فته‌یه ژه‌می چواره‌می ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئه‌و كه‌سانه دابینده‌كات، كه به‌رگرییان لاوازه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 75 ساڵییه‌وه‌یه.
ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویكرده‌وه، خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی گشتی رایگه‌یاند، له رۆژی دووشه‌ممه‌وه به ملیۆنان كه‌س له به‌ریتانیا ژه‌می چواره‌می ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌رده‌گرن.
به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كان، ئه‌وانه‌ی ژه‌می چواره‌م وه‌رده‌گرن، له‌سه‌رووی ته‌مه‌نی 75 ساڵییه‌وه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی لاوازیی به‌رگرییان هه‌یه و ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 12 ساڵییه‌وه‌یه.
ئاماژه به‌وه كراوه، نزیكه‌ی 5 ملیۆن كه‌س ژه‌می چواره‌م وه‌رده‌گرن، داواش له 600 هه‌زار كه‌س كراوه ئه‌م هه‌فته‌یه واده‌یه‌ك بۆ خۆیان دیاری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ژه‌می چواره‌م وه‌ربگرن.
ساجید جه‌وید، وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، هه‌ڵمه‌تی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا تا ئێستا سه‌ركه‌وتوو بووه، بۆیه بڕیارمانداوه ژه‌می پاڵپشتی دابینبكه‌ین، ئه‌م به‌هاره ژه‌می چواره‌م به‌و كه‌سانه ده‌ده‌ین، كه له سه‌رووی ته‌مه‌نی 75 ساڵییه‌وه‌ن، تاوه‌كو له ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌رنامه‌ی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا، ژیانی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی پاراست، به‌ربه‌ستێكی به‌رگری درووستكرد و وایكرد بتوانین له‌گه‌ڵ په‌تای كۆرۆنا بژین و بمێنینه‌وه.