رۆیشتنی مباپێ له پاریس، مانه‌وه‌ی مێسی مسۆگه‌ر ده‌كات
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه رۆیشتنی كلیان مباپێ مانه‌وه‌ی مێسی بۆ وه‌رزی داهاتوو له پاریس یه‌كلایی ده‌كاته‌وه.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه له ئێستادا لیۆنێل مێسی بیر له جێهێشتنی پاریس سانجێرمان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له یه‌ك حاڵه‌تدا لیۆ له پاریس ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر مباپێ له یانه‌كه بڕوات.
ماركا نووسیویه‌تی: مێسی له پاریس هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌كات، ئه‌گه‌رچی حه‌زی له رۆیشتن له پاریس هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مباپێ له پاریس بڕوات، لیۆ ده‌یه‌وێت ساڵی دووه‌می گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس ته‌واو بكات، به‌ڵام پابه‌ند نابێت به‌و بڕگه‌یه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامبوون بۆ ساڵی سێیه‌م له پاریس كه له‌ده‌ستی خۆیدایه.
ماركا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه یانه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت له گره‌وكردن له‌سه‌ر مێسی و دروستكردنی پرۆژه‌یه‌ك له ده‌وری مێسی، به‌تایبه‌تی به‌هۆی رۆیشتنی مباپێ بۆ ریال مه‌درید كه زۆر نزیكه و دابه‌زینی ئاستی نێیماریش له لایه‌كی دیكه‌وه پاریس ناچار ده‌كات كه پاڵپشتی مێسی بكات و بیهێڵێته‌وه.
ماركا له به‌شێكی دیكه‌یدا جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه رۆیشتنی مباپێ له پاریس پێگه‌ی مێسی زۆر به‌رزتر ده‌كاته‌وه، چونكه ڕۆڵه‌كه‌شی له نێو یاریگه ده‌گۆڕدرێت و زیاتر له ناوچه‌ی مه‌ترسیدار نزیك ده‌بێته‌وه و ده‌رفه‌تی زیاتری گۆڵكردنی بۆ ده‌ڕه‌خسێت.
به گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌كانی فه‌ره‌نسا، پاریس سانجێرمان بۆ وه‌رزی داهاتوو گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه ده‌كات و پێشبینی ده‌كرێت به‌ڕێوه‌به‌رێكی وه‌رزشی نوێ بۆ شوێنی لیۆناردۆ ده‌ستبه‌كاربێت، ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش زیاتر داهاتووی مێسی له‌گه‌ڵ پاریس یه‌كلایی ده‌كاته‌وه.
لیۆنێل مێسی ته‌مه‌ن 34 ساڵ، له هاوینی 2021 بارسێلۆنای جێهێشت و په‌یوه‌ندی به پاریس سانجێرمان كرد، له‌گه‌ڵ پاریس ئه‌م وه‌رزه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌شداریی له 26 یاری كردووه، 7 گۆڵ و 11 ئاسیستی تۆمار كردووه.