لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەكرێت

تەحسین خەفاجی: لیژنەکە لەلایەن فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق راسپێردراوە
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق

K24 – هەولێر

لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازی عێراق سەردانی شوێنە نیشتەجێبووەکانی هەولێریان کرد، کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکە زیانیان بەرکەوتووە. گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکە هاتووە لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات.

ئەمڕۆ لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریان کرد، و لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەیان لە راستییەکان کرد و گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو کەسانە کرد کە زیانی مادی بەر خانووبەرەیان کەوتووە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەم لیژنەیەی ئەمڕۆ ھاتووەتە ھەولێر لەلایەن فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق راسپێردراوە. شاندەكە لە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سوپا سالار و سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر و چەندین بەرپرسی باڵای دیكەی ئەمنی عێراق پێكھاتووە".

گوتیشی: "لیژنەكە ھاتووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر بكات، بەشێوەیەكی مەیدانی ناوچەكەی بەسەركردەوە و لەگەڵ خاوەنی ئەو ماڵەی كە بووەتە ئامانجی مووشەكەكان گفتوگۆكراوە. بەدڵنیاییەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر گفتوگۆی زیاترمان دەبێت و پاش كۆتاییھاتنی لێكۆڵینەوەكان ئەنجامەكەی ئاشكرا دەكەین".

بەرەبەیانی 13/3/2022، چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێر کران، لە ئەنجامدا زیانی زۆری مادی بەر هەندێک ناوچەی سڤیل نشین و دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 کەوت. دوای رووداوەکە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنی مووشەکبارانەکەیان کرد، هاوکات کوردستان24یان بەسەر کردەوە.