زیاتر له 100 هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌نكه‌ره ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كرێن
K24 – هه‌ولێر
زیاتر له 100 كه‌سی كوردی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌بی عێراقی،له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌نكه‌ره ڕێگه‌یان پێ‌نادرێت بچنه ناو توركیاوه و له دوێنێ شه‌وه‌وه له ناو هۆڵێكی فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كراوون.
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌وێ ده‌ست به‌سه‌ره ،به كوردستان 24 ی ڕاگه‌یاند،دوای ئه‌وه‌ی كاتژمێر 10:00 ی شه‌وی ڕابردوو له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه گه‌شتیان كردووه بۆ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا، له فڕۆكه‌خانه ڕاگیراوون و به پاساوی ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و گه‌شتیارانه نه‌گه‌یشتووه‌ته فڕۆكه‌خانه و ناوه‌كانیان له سیسته‌مدا نییه له‌ناو هۆڵێكی فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا ڕاگیراوون.
ئه‌و هاوڵاتیه كه ناوی ( ئ. خ. ئ.ع) یه، له‌ناو ئه‌و هۆڵه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌نكه‌ره‌وه به (كوردستان24) ی ڕاگه‌یاند، به‌رپرسانی فڕۆكه‌خانه‌كه پێیان گوتوون ناوتان نیه و ڤیزا و تكته‌كانتان جێگه‌ی گومانه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ڤیزاكانیان هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و زۆربه‌یان له ڕێگه‌ی كونسوڵخانه و كۆمپانیاكانه‌وه وه‌ریانگرتووه و تكته‌كانیشیان له ڕێگه‌ی هێڵی ئاسمانی زاگرۆس جێت بڕیووه.
ئه‌و گه‌شتیاره هه‌روه‌ها گوتی به‌شێك له‌وانه ژن و منداڵن و به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ش به ڕۆژوون،به‌ڵام هیچ پێداویستییه‌كی ئه‌وتۆ نیه و ناهێڵن له‌و هۆڵه بچینه ده‌ره‌وه و دوو پاسه‌وان له‌به‌رده‌م هۆڵه‌كه‌دا دانراووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،له‌گه‌ڵ كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كه قسه‌یان كردووه و پێیان گوتوون ده‌بێت 150 دۆلار بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به زوویی بمانگه‌ڕێننه‌وه بۆ هه‌ولێر،یان ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین تا ڕۆژی هه‌ینی یان شه‌ممه‌ی داهاتوو.
ئه‌و گه‌شتیاره له ڕێگه‌ی كوردستان 24 داوای ده‌كرد هاوكاری بكرێن و كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت تاوه‌كو له‌م دۆخه خراپه‌دا نه‌مێننه‌وه.