وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: 100 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان

"زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون"
دیمه‌نێكی سه‌یرانگای دوكان / فۆتۆ: كوردستان24
دیمه‌نێكی سه‌یرانگای دوكان / فۆتۆ: كوردستان24

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماری ژماره‌ی گه‌شتیارانی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، 100 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كوردستانیان كردووه‌.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایگه‌یاند، بەپێی ئامارەكان كه‌ تا ئێستا تۆمار كراون، لەماوەی 15ـی ئاداری 2022 تا 20ـی ئادار، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و سلێمانییان كردووە كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار راشیگه‌یاند، زیاتر لە 52 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشیارییەكانی سلێمانییان كردووە.

دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ ته‌واوی جیهاندا، ره‌وتی گه‌شتیاری ده‌ستی به‌ جوڵه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ماوه‌ی دوو ساڵ بوو هه‌رێمی كوردستانیش به‌هۆی رێنماییه‌كانی كۆرۆنا رێگری له‌ گه‌شتكردن و یاده‌كانی ئادار و نه‌ورۆز كردبوو، ئه‌مساڵ ئه‌و رێگریییانه‌ هه‌ڵگیران و گه‌شتیارێكی زۆر رووی له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.