له رۆژی جیهانیی ئاو.. داوا ده‌كرێت پرسی ئاو له‌یه‌ك ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌ڕێوه‌بردندا كۆبكرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
22ی ئادارى هه‌موو ساڵێك (رۆژی جیهانیی ئاو)ـه، ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دروشمی ئه‌مساڵ بریتییه له (ئاوی ژێر زه‌وی: ئه‌وه‌ی نه‌بینراوه بكرێته بینراو) به‌واتای ئه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی نابینرێت، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كانی له‌هه‌موو شوێنێك ده‌بینرێن.
ده‌سته‌ی ژینگه له په‌یامێكدا ئاشكرای كرد، ئه‌م بۆنه جیهانییه له‌ساڵی (1992)ـه‌وه یاد ده‌كرێته‌وه، له‌به‌ر گرنگیی پێگه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی، له هه‌رێمی كوردستاندا یاسای ژماره 4ی ساڵی 2021 ده‌رچوو به ناوی (یاسای پاراستنی پڕۆژه و تۆڕه‌كانی ئاو) كه وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌رپرسه له‌پیاده‌كردن و جێبه‌جێكردنی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، یاسای (به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ئاو)یش كه ده‌سته‌ی ژینگه‌ش ئه‌ندامێتی له لێژنه‌ی ئاماده‌كارییدا هه‌بوو، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ده‌كرێت پاش ده‌رچوونی ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ده‌سته‌ی ژینگه داوای كرد، جێگه‌ی خۆیه‌تی رێكخراوه ژینگه‌ییه‌كان وه‌ك هه‌میشه به‌رده‌وام بن له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان بۆ باشتر به‌كارهێنانی ئاو له‌ژیانی رۆژانه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه پرسی ئاو له‌یه‌ك ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌ڕێوه‌بردندا كۆبكرێته‌وه نه‌ك به‌په‌رش و بڵاوی، چونكه پرسی ئاسایشی ئاو له ئێستا و ئاینده‌دا به‌شێكه له ئاسایشی نیشتمانی.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، پێویسته له‌م بۆنه‌یه‌دا ئاو بكرێته فاكته‌ری ئاشتی نه‌ك شه‌ڕ، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی دانوستانی به‌رده‌وامی نێوان هه‌رێم و وڵاتانی ناوچه وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌كی ئاشتییانه و عادیلانه بۆ پرسی ئاو.