نرخی نەوت رووی لە بەرز بوونەوە کردەوە

یەک بەرمیل نەوتی برێنت 117 دۆلاری تێپەڕاند

K24 – هەولێر

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جارێکی دیکە نرخی نەوت رووی لە بەرز بوونەوە کردەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 117 دۆلاری تێپەڕاند.

کاتژمێر 7:40ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 117 دۆلار و 12 سەنت لە بازاڕەکانی جیهان مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە 111 دۆلار و 76 سەنت دەفرۆشرێت.

لەگەڵ فراوانبوونی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر رووسیا و بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین، جارێکی دیکە نرخی نەوت هەڵکشایەوە.

دوای هەشت ساڵ لە 24/2/2022، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبووەوە.