کۆمپانیای تۆتاڵ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان لە رووسیا رادەگرێت

تاوەکو ساڵی 2020، 17%ی بەرهەمی نەوت و گازی کۆمپانیای تۆتاڵ لە رووسیا بووە
کۆمۆانیای تۆتاڵ
کۆمۆانیای تۆتاڵ

K24 - هەولێر

لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی تایبەت بە وزە بڕیاریدا کڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە رووسیاوە رابگرێت.

کۆمپانیای تۆتاڵ پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ کەرتی نەوتی رووسیادا هەیە، بە جۆرێک تاوەکو ساڵی 2020 %17ی بەرهەمی نەوت و گازی کۆمپانیای تۆتاڵ لە رووسیا بووە. هەروەها ئەو کۆمپانیە فەرەنسییە خاوەنداری 19.4%ی کۆمپانیای نۆڤاتکی بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی لە رووسیا دەکات. هەروەها خاوەنداری 20%ی پڕۆژەی گازی سرووشتی یامال لە باکووری رووسیا دەکات.

ئەو کۆمپانیا فەرەنسییە رایگەیاندووە، تا ئەو کاتەی وڵاتانی ئەوروپا پێیان وایە گازی سرووشتی رووسیا گرنگە،  لە کارکردنیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی لە پڕۆژەی یامال بەردەوام دەبن.

ئاماژەی بەوەشدا، کە پێچەوانەی نەوت، توانای لۆجێستی گازی ئەوروپا دیارە، بۆیە سەختە لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا هاوردەکردنی گازی رووسیا رابگیرێت.