هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه.. بایدن جه‌خت له ئه‌گه‌ری هێرشی كیمیایی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری له ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه ده‌دات و دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه".
ئه‌م هۆشداریه‌ی بایدن به‌ر له چوونی بۆ ئه‌وروپا هاتووه، كه بڕیاره به‌شداری له ژماره‌یه‌ك دیدار له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی ئۆكرانیا بكات.
بایدن له‌كاتی جێهێشتنی كۆشكی سپی به‌ره‌و برۆكسل، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه، جه‌ختی كرده‌وه، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه یێنس ستۆڵتنبێرگ، ئه‌مینداری گشتیی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تله‌سی "ناتۆ" گوتی: بڕیاره سه‌ركرده‌كانی ناتۆ له لوتكه‌كه‌دا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ناردنی هێزی زیاتر و گرنگ بۆ هاوپه‌یمانه رۆژهه‌ڵاتییه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جه‌نگی رووسیا له ئۆكرانیا.
ئاشكراشیكرد، "ناتۆ پاڵپشتییه‌كی زیاتر به ئۆكرانیا ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی ئه‌تۆمی و كیمیایی ببێته‌وه".
ستۆڵتنبێرگ به‌ر له ئه‌نجامدانی لووتكه‌ی به‌په‌له كه بڕیاره سبه‌ی پێنجشه‌ممه له برۆكسل ئه‌نجامبدرێت، به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام سه‌ركرده‌كان له‌سه‌ر زیادكردنی ژماره‌ی هێزه‌كانی ناتۆ له‌سه‌ر هه‌موو ئاستێك له به‌شی رۆژهه‌ڵاتی هاوپه‌یمانێتییه‌كه ده‌گه‌نه رێككه‌وتن، چ له‌ڕووی هێزی پیاده، یانیش ئاسمانی یاخود ده‌ریایی".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، هه‌فته‌ی رابردوو ناتۆ هۆشداریی دایه رووسیا له ئه‌گه‌ری هه‌وڵدان بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له ئۆكرانیا و دووپاتیكرده‌وه، هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانی و دژه‌مووشه‌كی پاتریۆت له به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات له پۆڵه‌ندا و سلۆڤاكیا زیاد ده‌كه‌ن.
به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی به‌رگری وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتییه‌كه، ستۆڵتنبێرگ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "رووسیا په‌نا بۆ پاساوی بێ بنه‌ما له‌باره‌ی تاقیگه‌ی بایۆلۆژی و چه‌كی كیمیایی له ئۆكرانیا ده‌بات.. ئه‌مه درۆیه‌كی دیكه‌یه. ئه‌وه‌ی راستی بێت، ئێمه نیگه‌رانین له‌وه‌ی كه مۆسكۆ به‌نیازی ئه‌نجامدانی كرده‌یه‌كی نهێنی بێت و دواتر تۆمه‌ته‌كه‌ی بخاته پاڵ لایه‌نێكی دیكه، كه له‌وانه‌یه چه‌كی كیمیاییش له‌خۆ بگرێت".
هۆدشاری ئه‌وه‌شیدا، "به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غكردنی چه‌كی كیمیایی پێشێل ده‌كات، كه خودی رووسیا واژووی له‌سه‌ری كردووه".
ستۆڵتنبێرگ باسی ئه‌وه‌یكرد، "پێشتریش رووسیا مادده‌ی كیمیایی له دژی به‌رهه‌ڵستكاره سیاسییه‌كان به‌كارهێناوه".
ئه‌مینداری ناتۆ جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، "به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ژێر هه‌ر پاساو و به‌هانه‌یه‌ك، كارێكی ره‌تكراوه‌یه و باجه‌كه‌ی زۆر قورس ده‌بێت، به‌ڵام من نامه‌وێت پێشبینی وه‌ڵامی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانی ناتۆ بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره بكه‌م".
بڕیاره رۆژی پێنجشه‌ممه بایدن به‌شداری له لووتكه‌یه‌كی تایبه‌تی هاوپه‌یمانی ناتۆ له برۆكسل بكات.
پێشتر جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاندبوو، بایدن به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی وڵاتان و حكومه‌ته‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، كه بڕیاره له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌موو هه‌وڵێك بۆ سه‌پاندنی سزای ئابووری زیاتر به‌سه‌ر رووسیادا و پێشكه‌شكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ زیانپێگه‌یشتووانی توندوتیژی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئالنگارییه‌كانی دیكه‌ی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا بخرێنه‌گه‌ڕ.
H.B