زیلینسکی داوا دەکات دژی رووسیا بڕژێنە سەر شەقامەکان

"هەڵوێست دژی ئەو شەڕە خوێناویە دەربڕن"
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 – هەولێر

سەرۆکی ئۆکرانیا داوا لە گەلانی جیهان دەکات، دژی رووسیا بڕژێنە سەر شەقامەکان و هەڵوێست دژی ئەو شەڕە خوێناویە دەربڕن.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای خۆپیشاندانی گەلانی جیهان دەکات، دژ بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی.

زیلینسکی دەڵێ "گەلانی جیهان بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە گۆڕپانەکان کۆببنەوە، دەنگ و درووشمەکانی ئۆکرانییەکان هەڵبڕن و پشتیوانی ئۆکرانیا و ئازادی و ژیان بکەن".

سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامەکەیدا دەڵێ "ئەمڕۆ 24ی ئادار مانگێک بەسەر هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا تێدەپەڕێت،  لە شوێنیکار، ماڵەکانتان، قوتابخانە و زانکۆکان، بە ناوی ئاشتی وەرنە دەرەوەو هەڵوێست دژی ئەو شەڕە خوێناویە دەربڕن، کە رووسیا دەیکات".

مانگێک لەمەوبەر لە 24/2/2022، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکدا شەڕی دژی ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشیان بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد.