ماكرۆن: له‌ هاوكارییه‌كانمان بۆ ئۆكرانیا به‌رده‌وام ده‌بین

هاوكارییه‌كان پێدانی چەك و سیستمی بەرگری و پێداویستی دیکە ده‌گرێته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لە هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین، بەڵام هێڵی سووری ئێمە لە هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا ئەوەیە، ئێمە نەبینە بەشێك لە شەڕەکە و وا لێكنەدرێتەوە، کە هەموو وڵاتان دژی رووسیا شەڕ دەکەن، بەڵکو هاوکارییەکان بۆئەوەن، ئۆکرانیا بەرگری لە خۆی بکات.

ئه‌م گوتانه‌ی ماكرۆن دوای ته‌واوبوونی لووتكه‌ی ناتۆ له‌ برۆكسل هاتوون و دووپاتیكرده‌وه‌، "لە لوتکەی ناتۆ لەسەر چەند خاڵێك رێککەوتین، لەوانە: فراوانکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا، لەڕووی پێدانی چەك و سیستمی بەرگری و پێداویستی دیکە".

گوتیشی: "سەرۆك زێلێنسکی قسەی بۆ کردین و بەروونی پێداویستیەکانی پێگوتین. ئەوەی گرنگە هەموو ئەندامانی ناتۆ یەکدەنگین لەسەر ئەوەی بەردەوام بین لە پێدانی چەکی کاریگەر و سیستمی بەرگری به‌ ئۆكرانیا، بەڵام لەو چوارچێوەیەدا کە ئێمە نەبینە لایەنی راستەوخۆی شەڕەکە و بەشێوەیه‌ك نەبێت، چەندین وڵات دژی وڵاتێکی دیکە یەکبگرن".

H.B