30 كەس لە رۆژھەڵاتی كوردستان به‌هۆی به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز ده‌ستگیركراون

ھەڕەشە لە گۆرانیبێژە دیارەكانیش كراوە، كە نابێت بەشداری لە رێوڕەسمه‌كانی نه‌ورۆز بكەن
ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

تا ئێستا نزیكەی 30 كەس لەوانه‌ی بەشدارییان لە رێوڕەسمەكانی نەورۆز لە رۆژھەڵاتی كوردستان كردووە، دەستبەسەركراون، 21 كەسیان لە شاری سنە دەستبەسەركراون، ھاوكات ھەڕەشەش لە چالاكوانە مەدەنیی و گۆرانیبێژە میللییەكان كراوە، كە نابێت بەبێ مۆڵەت ھیچ رێورەسمێكی دیكەی پەیوەندیدار بە نەورۆز بەڕێوەببەن.

ئەگەرچی رێورەسمەكانی نەورۆزی ئەمساڵ لە رۆژھەڵاتی كوردستان بە گڕوتینێكی زۆرەوە بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ ھاووڵاتیان بەبێ گرفت نەبوو، پێش بەڕێوەچوون و دوای بەڕێوەچوونی رێورەسمەكان ژمارەیەك ھاووڵاتی دەستبەسەركراون، لە ھەندێك شوێن و بەتایبەت لە سنە، شنۆ، پیرانشار و مەریوان رێگە نەدراوه‌ خەڵك وەكو جاران ئاگری نەورۆز بكەنەوە.

ماڵپەڕی ھەنگاو بۆ پرسەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان ئاشكرایكردووە، كە تا ئێستا ناسنامەی نزیكەی 30 كەسیان لایە، كە لەو چوار رۆژەی نەورۆزدا دەستبەسەركراون، زۆربەی دەستبەسەركراوەكانیش ھی شاری سنەن. بەپێی ئامارەكانی ئەو ماڵپەرە 21 كەس لە سنە، 3 كەس لە سەڵماس، 3 كەس لە پیرانشار و كەسێكیش لە مەریوان دەستبەسەركراون. لەنێو دەستبەسەركراوان كەسێكی تەمەن 70 ساڵی و مێرمنداڵێكی 14 ساڵیش ھەبووە، كە دواتر ئازاد كراون.

ھاوكات ھەڕەشە لە گۆرانیبێژە دیارەكانیش كراوە، كە نابێت بەشداری لەو رێوڕەسمانەدا بكەن، كە بەشێوەی خۆرسك لەلایەن خەڵكەوە رێكدەخرێن، تەنانەت "عادل نادری"، یەكێك لە گۆرانیبێژە دیارەكانی شاری سنە بۆ ماوەیەك دەستبەسەركراوە و دوای ئەوەی پێی گوتراوە نابێت لە رێوڕەسمەكاندا گۆرانی بڵێت، ئازاد كراوە.

ئەمساڵ پێشوەختە لایەنە حكومییەكان داوایان لە خەڵك كردبوو، كە تەنیا دەتوانن بەشداری لەو رێوڕەسمانەی نەورۆز بكەن، كە لەلایەن لایەنە فەرمییەكان بەڕێوەدەچن، كە بەشێكی زۆریان لەنێو ھۆڵە داخراوەكاندا بووە، بەڵام ھاووڵاتیان لەزۆربەی گوند و شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بەشێوەی خۆرسك ئاگری نەورۆزیان كردەوە و رێوڕەسمی نەورۆزیان بەگڕوتین و بە بەشدارییەكی زۆری خەڵكەوە بەڕێوەبرد.