شەرعییەتی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لەسەر شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا
یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بەشێکی سەرەکی یاسای نێودەوڵەتی گشتییه و یەکێکە لە کۆنترین قەوارەکانی ئه‌عرافی نێودەوڵەتی، هه‌ر بۆیه دادگای نیوده‌وڵه‌تی وه‌ك ده‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تی دادوه‌رییه بۆ یاسای نیوده‌وڵه‌تی گشتی و به‌شداری لە تێگەیشتنی بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەریبڕیوە.
بۆیە لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتی گشتییەوە دەربارەی ناکۆکیەکانی نێوان وڵاتان. دادگای نێودەوڵەتی پێشینەیەکی زۆری لەسەر ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، یەکەم کەیس کە لەلایەن دادگاوە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، کەیسی (کانال کورفو) بوو، وەك یەکەم دۆسیەی یاسایی نێودەوڵەتی گشتی له نیوان ساڵەکانی (1947 بۆ 1949) به‌رزكراوه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م دادگای نێودەوڵەتی، كه تایبه‌ت بوو به به‌رپرسیارێتی وڵاتان به‌رامبه‌ر پیسبوونی ئاو و پره‌نسیپی هاتووچۆی كه‌شتییه‌كان. ئه‌مه‌ش به یه‌كه‌مین كه‌یس داده‌نریت له به‌رده‌م دادگای نێودەوڵەتی له دوای دامه‌زراندی لە ساڵی 1945.
هەروەها دادگای نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە یاسای نێودەوڵەتی لە دوو دۆسیەدا بڕیار و رای راوێژکاریی هه‌یه وه‌ك: بڕیاری 27ی یونیوی 1986، هه‌روه‌ها دواتر رای راوێژکاریی لەسەر "چالاکی سەربازی و نیمچه سەربازی لە نیکاراگوا".
بۆیە نامەوێت له‌م نووسینه‌دا بەدرێژی لایەنە یاساییەکانی هەردوو کەیسەکە باس بكه‌م، بەڵام ئەوەی به‌لامه‌وه گرنگه شروڤه یاساییەکەیە لەسەر نوێترین بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بەجەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
سەرەتای کەیسەکە کاتێك بوو، کە ئۆکرانیا لە 26ی فێبرایه‌ری 2022دا سکاڵای له دادگای نێودەوڵەتی له دژی رووسیا تۆماركرد، تاوه‌كو دادگا رێوشوێنی کاتی بگرێته‌به‌ر بۆ وەستاندنی داگیرکاری رووسیا بۆ سه‌ر ئۆکرانیا، بەتایبەتی هه‌ردوو هه‌رێمی لوهانسك و دۆنیتسکك
بەڵام رووسیا بایکۆتی یەکەم دانیشتنی دادگای کرد، کە لەسەر داوای ئۆکرانیا لەسەر داگیرکردنی لەلایەن رووسیاوە ئەنجامدرابوو، دادگا بڕیاری غیابی رووسیای بە سەرسامییەوە وەرگرت، بەهۆی ئەوەی کە ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو، ئەم لێدوانەش لەلایەن دادوەر جوان دۆنۆهیۆ، سەرۆکی دادگاوە دراوە و دەڵێت: "رووسیا چۆن رێکاری زارەکی لەبەردەم دادگا لە دەست دەدات؟" دادگای نێودەوڵەتی رایگه‌یاند، غیابی دەوڵەتی رووسیا ناتوانێت بەربەستێکی راستەقینەبیت و رێوشوێنە کاتییەکانی دادگا بوەستێنیت یان کاریگەری لەسەر رەوایەتی بڕیاری شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا هەبێت.
رەنگە ئامادەنەبوونی رووسیا لەدادگا بەئامانجی تێکدان و لابردنی کارەکانی دادگای نێودەوڵەتی بێت لەسەر بەردەوامی جەنگ و پاراستنی بەرگری یاسایی لەسەر ئەو بنەمایەی کە رووسیا دەستوەردانی سەربازیی لەئۆکراینا ئەنجامداوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی قسه‌كه‌ر به زمانی رووسی، به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانی له‌ناوبردنی گشتی ده‌رحه‌ق به هه‌دوو هه‌رێمی لوهانسك و دۆنیتسك له‌لایه‌ن ئوكرانیاوه.
هەروەها رەنگە ئۆکرانیا بیویستایە رووسیا بخاتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی بۆ به نایاسایی بوونی رووسیا بە لابردنی خەونەکانی (پوتن) بۆ گەڕاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بەهەر نرخێك بێت و نغرۆبوونی (پوتن) لەناو قەرەبووی ماددی گەورە، بە دەرکردنی بڕیاری بەستنەوەی دەوڵەتی رووسیا بۆ پێدانی قەرەبووی وەك کەیسی نیکاراگوای ساڵی 1986 لە دژی ئەمه‌ریکا، بو زانینی ئەم کەیسە کاتێك دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری لە بەرژەوەندی حکومەتی نیکاراگوا دا، کە دانی بەپێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیدا نا لە لایەن ئەمه‌ریکاوە بەپشتیوانیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار لەجەنگی دژ بەحکومەتی نیكاراگوا بەتەقاندنەوەی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا رەتیکردەوە.
ئامادەنەبوونی رووسیا ره‌وایه‌تی بڕیارەکەی دادگا تێکنادات، چونکە بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی پابەندن و کۆتایین، دەتوانرێت لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاربهێنرێن بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنی تایبەت.
بۆیە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی چەندین تێبینی یاسایی گرنگی بەم شێوەیە کردووە:
یه‌كه‌م/ دادگای نێودەوڵەتی داوای لە رووسیا کردووە هەموو کردەوە سەربازییەکانی له ئۆکرانیا بوه‌ستێنێت.
دووه‌م/ دادگای نێودەوڵەتی بۆی دەرکەوت، کە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا ناڕاستە، ناكرێت ره‌وایه‌تی یاسایی بەکردە سەربازییەکانی بو سه‌ر ئۆکرانیا بدات.
سێیه‌م/ دادگا داوای لە رووسیا کردووە، دەسەڵاتی راستەوخۆی بەسەر هەموو یەکەکان، تاك و گرووپە سەربازییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بەکاربھێنێت، بۆ دڵنیابوون لە راگرتنی هەموو کردە سەربازییەکان.
چواره‌م/ بۆمان دەردەکەوێت، دادگا دەسەڵاتی دادوەریی خۆی دووپاتکردووه‌تەوە بۆ گوێگرتن لە کەیسەکە بە بەرزڕاگرتنی ماددەی (9)ی پەیماننامەی نەهێشتنی تاوانی جینۆساید، کە لەسەر داوای هەر لایەنێکی ناکۆکی لە لێکدانەوە و کارپێكردن و جێبه‌جیكردنی په‌یماننامه‌كه، دەستەبەری دادگای نێودەوڵەتی دەکات.
پێنجه‌م/ دادگای نێودەوڵەتی لە بڕیارەکەیدا وشەی داگیرکاری و دوژمنکاری بەکارنەهێناوه، بەڵکو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، رەنگە بەنیازبوون دەرفەتێکی گەورە بدەن بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ وەستاندنی جەنگ و چەسپاندنی بەشی شەشەمی جاڕنامه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان.