رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ وڵاتانی ناتۆ ده‌كات

"له‌ ئه‌گه‌ری داخستنی ئاسمانی ئۆكرانیا، مۆسكۆ بێ وه‌ڵام نابێت"

K24- هه‌ولێر:

سوپای رووسیا ئاشکرای كرد، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا هەزار و 351 سەربازیان لە ئۆکرانیا کوژراون و نزیکەی 4 هەزاری دیکەش برینداربوون. لەبارەی ئه‌گه‌ری داخستنی ئاسمانی ئۆکرانیاش لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە، رووسیا هەڕەشەی وه‌ڵامدانه‌وه‌ ده‌كات.

سێرگی رودسکۆی، نوێنەری بەرپرسی دەستەی ستافی گشتیی سوپای رووسیا گوتی: "بەداخەوە لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا، تا ئێستا هەزار و 351 سەربازمان گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 825ی دیکەش بریندار بوون. جیالەوەش 419 هەزار و 736 کەسی سڤیلمان لە هەرێمەکانی دۆنێتسك و لوگانسك و ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیاوە گواستوونەتەوە بۆ رووسیا لەو ژمارەیەش زیاتر لە 88 هەزاریان منداڵ بوون".

رودسكۆی گوتیشی: "پێمانوایە پێدانی چەك و هاوکاریی سەربازی به‌ ئۆکرانیا لەلایەن وڵاتانی روژئاواوە کارێکی هەڵەیە. هۆکاری هاوکارییەکانیش درێژکردنەوەی شەڕەکەیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هەندێك وڵاتی ناتۆ پێشنیازی داخستنی ئاسمانی ئۆکرانیا دەکەن، لە ئەگەری کارێکی لەو شێوەیە ئێمەش وەڵامدەدەینەوە".

H.B