مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ میری ره‌ئسولخه‌یمه كۆده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شێخ سعود بن سه‌قه‌ر، میری ره‌ئسولخه‌یمه
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شێخ سعود بن سه‌قه‌ر، میری ره‌ئسولخه‌یمه

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 26ی ئاداری 2022، لە شاری (رەئس ئەلخەیمە-رأس الخیمة) لە ئیمارات، لەگەڵ شێخ سعود بن سەقر ئەلقاسمی، حاکمی میرنشینی (رەئس ئەلخەیمە-رأس الخیمة) كۆبوویه‌وە.

لە کۆبووەنەوەکەدا، کە شێخ محەمەد بن سعود ئەلقاسمی، جێنشینی رەئس ئەلخەیمە ئامادەبوو، گفتوگۆ دەربارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میرنشینی رەئس ئەلخەیمە و ئیمارات بە گشتی کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و گەشتوگوزاردا. هه‌ردوولا ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی ھاوبەشن.

لە چوارچێوەی سەردانەکەدا بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەت، بڕیارە سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بەشداری لە کۆڕبەندی جیهانیی وزەدا بکات، کە رۆژانی 28-29 ی ئادار لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و لەو کۆڕبەندەدا باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و برەودان بە وەبەرهێنان لە بواری وزەدا دەكرێت.

هەروەها مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژانی 29-30ی ئادار لە دوبەی بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات.