زیاتر لە 200 پەرلەمانتار چوونەتە ناو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
K24 – هەولێر
زیاتر لە 200 پەرلەمانتار چوونەتە ناو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، پێدەچێت کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ئەگەری زۆر هەیە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بکرێت، زیاتر لە 200 پەرلەمانتار چوونەتە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، کە بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی پێویستی بە 220 پەرلەمانتارە، ئێستا ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری 80 پەرلەمانتار، چونکە 7 پەرلەمانتاری سەربەخۆ چوونەتە پاڵ فراکسیۆنەکە، هەروەها 62 پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سیادە و 31 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی چوونەتە ناو هۆڵی کۆبوونەوە، هاوکات پەرلەمانتاری لەپێناوی خەڵک کە نزیکەی 20 پەرلەمانتارن دەیانەوێت بچنە ناو هۆڵی کۆبوونەوە، کە پێشتر رایانگەیاندبوو بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن، جگە لەوانێش ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەی سەربەخۆ دەیانەوێت بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکەن".
گوتیشی: "بە نافەرمی کۆبوونەوەکە بەشێوەی کاتی دواخراوە، چونکە فراکسیۆنەکان لەنێوخۆیاندا کۆبوونەوە دەکەن".
پەیامنێرمان راشێگەیاند: "رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر و زۆربەی دەرگاکانی ناوچەی سەوز داخراون، باڵەخانەی پەرلەمان بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان، رێگە بە کەس نادەن بێنە ناو پەرلەمان".
ئاماژەی بەوەشکرد: "پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی نەهاتوونەتە پەرلەمان و پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگیش ژمارەیەکیان لە پەرلەمانن".