براندێکی کوردەواری بەشداری تێدئێکس نیشتیمان دەکات

براندێك لە قوماشی کوردی جلوبەرگی مۆدێرن دروست دەکات
براندی "جامانە" لە تێدئێکس نیشتیمان
براندی "جامانە" لە تێدئێکس نیشتیمان

K24 - هەولێر:

لەژێر دروشمی RISEUP (هەستانەوە) پێنجەمین کۆنفرانسی تێدئێکس نیشتمان بە هاوبەشی میدیایی کوردستان24 لە شاری هەولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و براندێکی جلوبەرگی کوردی بەناوی "جامانە "بەشداری کۆنفرانسەکە دەکات.

براندی جامانە کە لەلایەن چەند گەنجێکی کوردەوە دامەزراوە، یەکێک بوو لەو براندە کوردیانەی بەشداری تێدئێکس نیشتیمانی کرد.

براندەکە لە ساڵی 2020ـەوە دامەزراوە و بە سوودبینین لە قوماش و نەخشە کوردەواریەکان جلوبەرگی مۆدێرن دروست دەکەن.

سارا عبدالواحد عبداللە کچێکی کوردی دانیشتووی هەولێرە و یەکێکە لەو کەسانەی کار لەسەر براندەکە دەکات، ئەو لەبارەی چۆنێتی بەشداریکردنی بزنسە ناوخۆییەکان لە کۆنفرانسەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەشێکی تێدئێکس نیشتیمان بەسەرکردنەوەی بزنسە بچووکەکانە، ئەو بزنسە بچووکانەی دەیانەوێت بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن، دەتوانن فۆڕمی بەشداربوون پربکەنەوە کە چەند زانیاریەکی وەک ناو و وەردەکاری براندەکەی لەخۆدەگرێت."

یەکێکی دیکە لەو براندە کوردیانەی بەشداری تێدئێکس نیشتیمانی کردبوو، براندێکی کوردی بوو بۆ گۆرەوی کە بۆ هەر چوار وەرزی ساڵ دەبێت، گۆرەویەکە لە قوماشێک دروست دەکرێت کە پێی دەوترێت خوری زیرەک و قیاسی جیاوازی هەیە و گرەنتی لەگەڵ دایە.

تێدئێکس کۆنفرانسێکی جیهانییە، ساڵانە لە زیاتر لە 160 وڵات لەلایەن گەنجانی خۆبەخشەوە رێکدەخرێت، چاوەڕێدەکرێت لە کۆنفرانسەکەی ئەمجارەشدا، ئامادەبووان گوێبیستی چەندین چیرۆکی سەرکەوتن بن کە لەلایەن قسەکەرەکانەوە دەگێڕدرێنەوە.

H.H