"لە رێگەی دوو رێرەوی مرۆییەوە پتر له‌ حەوت هەزار هاووڵاتی ئۆکرانی گواستراونه‌ته‌وه‌"

"بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئۆكرانییه‌كان لەو ناوچانەی شەڕوپێکدادان تێیاندا بەردەوامە"
گواستنه‌وه‌ی ئۆكرانییه‌كان بۆ شوێنی دوور له‌ جه‌نگ / وێنه‌: AFP
گواستنه‌وه‌ی ئۆكرانییه‌كان بۆ شوێنی دوور له‌ جه‌نگ / وێنه‌: AFP

K24- هه‌ولێر:

جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، ئاشكرای ده‌كات، لە میانی 24 کاتژمێری رابردوو لە رێگەی دوو رێرەوی مرۆییەوە، حەوت هەزار و 331 هاووڵاتی ئۆکرانی گواستراونه‌ته‌وه‌.

ئایرینا ڤێریچۆک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند، لە ماوه‌ی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە رێگەی دوو رێرەوی مرۆیییەوە لە شاری ماریۆپول (شەش هەزار و 800) و لە شاری مێلیتوپۆڵ (531) هاووڵاتی ئۆكرانی بۆ شاری زاپۆریژییا گواستراونه‌ته‌وه‌.

جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە، بەدەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ گەیاندنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی بە هاووڵاتییان و لەم چوارچێوەیەشدا 80 تۆن خۆراک، پێداویستی پزیشکی و پێداویستی سەرەکییان گەیاندووەتە خەڵکی شارەکانی بێردیانسک و مێلیتوپۆڵ.

ئایرینا ڤێریچۆک ئاماژەی بەوە دا، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئۆكرانییه‌كان لەو ناوچانەی شەڕوپێکدادان تێیاندا بەردەوامە.

لەم چوارچێوەیەشدا دیداروکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی کیێڤ، ماریوپۆڵ و لوهانسک.