ئۆکرانیا.. ھێرشێکی مووشەکی دیكه کراوەته سهر لڤیڤ
K24 - هەولێر:
سەرۆکی شارەوانی شاری لڤیڤ لە رۆژئاوای ئۆکراینا، ئاندرێ سادۆڤیی رایگەیاند، ھێرشێکی مووشەکیی نوێی دیکە کراوەتە سەر شارەکە.
ئاندرێ سادۆڤیی لە رێگەی تێلێگرامهوه رایگەیاند، رووسیا دووبارە هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر شارەکە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی شارەوانیدا هاتووە، "ھێرشێکی دیکە لە نزیک لڤیڤ ئەنجامدرا. لە ئەنجامدا سێ تەقینەوەی بەھێز روویاندا. مەترسییەکانی ھێرشە ئاسمانییهكان بەردەوامە".
پێشتر سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی لڤیڤ، ماکسیم کۆزیسکی رایگەیاندبوو، کاتژمێر 4:30ـی پاش نیوەڕۆ لە ئاکامی ھێرشێک بە دوو مووشەکی ئاراستەکراو بۆ سەر عەمبارێکی سووتەمەنی لە نزیک لڤیڤ سێ تەقینەوەی گەورە روویدا و پێنج کەسیش برینداربوون.
رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆسەر خاکی ئۆکرانیا دەست پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
AA