فواد حوسێن: عێراق باجی ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمەریکا دەدات

"دوای تەواوبوونی لیکۆڵینەوەکان قسەی خۆمان دەبێت"
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کێشەکانی ئێران و ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق رەنگدانەوەی هەیە و خەڵکی عێراق باجەکەی دەدەن.

فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دەوحە لە قەتەر بە پێگەی مۆنیتۆری ئەمەریکی راگەیاندووە "ناکۆکییەکانی واشنتن و تاران کاریگەریی و رەنگدانەوەی لەسەر خاکی عێراق هەیە و لە ئەنجامدا ئێمە باجەکەی دەدەین".

دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریش، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەداوە "لەوانەیە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە 13ی ئازاری 2022 بۆ سەر هەولێر، پەیوەندی بە دانووستانەکانی ڤیەننا یان کێشەکانی دیکەی هەرێمییەوە هەبێت، بەڵام حکومەتی عێراق لەمبارەوە ناڕەزایی فەرمی بە ئێران گەیاندووەو لیکۆڵینەوەی تایبەت لە هێرشەکە دەکات، دوای تەواوبوونی لیکۆڵینەوەکان قسەی خۆمان دەبێت".

سەبارەت بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکران، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ "عێراق دژی جەنگ و سزاکانە، چونکە لە هەردووکیان زیانمان بەرکەوتووە، دەرئەنجامەکانی شەڕی ئابووری کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتان دەبێت".