لە دهۆک وەزیرێکی پێشووتر بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرا

پۆلیس: دوو کەسی دیکەش دەستگیرکراون
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - دهۆک

شەوی رابردوو له‌ شاری دهۆك وەزیرێكی پێشووتری حکومەتی عێراق بە تۆمەتی کوشتن لەلایەن پۆلیسه‌وه‌ دەستگیرکرا.

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە 18/3/2022، لە گوندی پیرەفات-ی سەر بە ناحیەی زاوێتە تاوانێکی کوشتن ئەنجامدرا، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، دەرکەوتووە ئەو رۆژە سێ کەس چوونەتە گوندەکە و ئەو کەسەی کوژراوە لەگەڵ خۆیان بردوویانە، دیارە لێکتێنەگەیشتن هەبووە و دەماقاڵێ لە نێوانیان بووە، لە ئەنجامدا کەسێک بەناوی کامەران یونس تەمەن 54 ساڵ بە گولـلە کوژراوە".

گوتیشی: "پاش رووداوەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەرسێ تۆمەتبار دەرچوو، یەکێک لە تۆمەتبارەکان هەمان رۆژ خۆی رادەستی پۆلیس کرد، ئەوانی دیکەش دوێنێ خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە".

سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و بوونی کەسێک لەناو کێشەکە کە وەزیری پێشووتری عێراقە، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی: "لە کاتی لێکۆڵینەوەکان لە دادگا جیاوازی نییە لەنێوان کەسێکی ئاسایی و پلەدارێک، پاش لێکۆڵینەوەکان دادگا بڕیار دەدات".