رێنمایی نوێ بۆ چوون و هاتن لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دەدرێت

بۆ ئەو کەسانە پێویست بە پشکنینی پی سی ئاڕ نابێت
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر

K24 – هەولێر

لە نوێترین رێنمایی بۆ فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئاماژە بەوە کراوە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، ئەو کەسانەی جۆرێک ڤاکسینیان وەرگرتووە پێویستیان بە پشکنینی (پی سی ئاڕ) نابێت".

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە: "دەستەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق، لە ئاگاداریه‌كدا تازەترین رێنمایی گه‌شتكردنی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین و پشكنینی PCR له‌ ڕێنماییه‌كه‌ی دەستەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق هاتووه‌ كه‌ گەشتیارانی عێراقی و بیانی ئه‌وانه‌ی کە تەمەنیان لە سەروو (12) ساڵەوە لایەنی کەم یەک ژەم لە جۆری ڤاکسینی (Johnson & Johnson) یاخود دوو ژەم لە ڤاکسینەکانی دیکەی وەرگرتبێت، لە (1)ی نیسانەوە لەکاتی ھاتن و چوون پێویستییان بە پشکنینی PCR نابێت، بەدەر لەو حاڵەتانە نەبێت کە ناتوانن ڤاکسین وەربگرن بە راپۆرتی سەلمێنراوی پزیشکی لیژنە تایبەتمەندەکان، کە بەڵگەی پشکنینی (PCR)ی بە کەمتر له‌ (72) کاتژمێر پێش گەشتەکەی پێ بێت".

پێشتر د. دەشتی بۆستانی، ئەندامی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر – بەغدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "رێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت و بڕیارێکی فەرمی بۆ دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی هاتووە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ئەو کەسانەی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەفەر دەکەن یان دێن، پێویستیان بە پشکنینی (پی سی ئاڕ) نابێت، بە مەرجێک ڤاکسینیان وەرگرتبێت".