زیلینسکی رەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت

"ئۆکرانیا ناتوانێت مووشەکەکانی رووسیا بە تفەنگ و رەشاش پووچەڵ بکاتەوە"

K24 - هەولێر

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت، کە دوو دڵە لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشدا، ناتوانن لە بەرامبەر مووشەکەکانی رووسیا بەرگری لە خۆیان بکەن، بە تایبەت چەکی پێویستیان وەک تانک و زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نییە بۆ ئازادکردنی ماریۆپۆل.

زیلینسکی، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا گوتی: "باجی ئەم ئاسایشە چییە؟ زۆر سنووردارە، ئەوانە فڕۆکەی ئۆکرانیان، ئەوانە تانکی وڵاتەکەمانن، ئەوانە مووشەکن بۆ بەرگری، ئەوانە چەکی دژە کەشتیە، کە هاوبەشەکانمان خاوەنداری دەکەن و چەندین چەکی دیکەش، هەموو ئەوانە لە پێناو ئازادییە، نەک تەنیا بۆ ئۆکرانیا، بەڵکو لە پێناو ئازادی بۆ تەواوی ئەوروپا ".

گوتیشی: "ئۆکرانیا ناتوانێت مووشەکەکانی رووسیا بە تفەنگ و رەشاش پووچەڵ بکاتەوە، کە ژمارەیەکی زۆریان هەیە. مەحاڵە بتوانین قەدەغەی سەر ماریۆپۆل هەڵگرین و ئازادی بکەین، لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەمی تانک و زرێپۆشمان هەیە، بە تایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێویستمان نییە".

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشدا: "هەمیشە زمانی رووسی لە رۆژهەڵاتی وڵاتمان بەشێک بووە لە ژیانە رۆژانە هاوشێوەی زمانی ئۆکرانی. ئێستا ئەوان شارە مەدەنییەکانیان خاپوور کردووە، رووسیا هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو رووسەکان لە هەرێمەکانی ئۆکرانیا دوور بکاتەوە. دەتوانی بۆ نەوەیەک ئەو کارە بکەیت، کە ئەمە دیوێکی دیکەی سیاسەتە خۆکوژییەکەتە".