گۆرانیەکە گەڕایەوە
K24 – ههولێر:
پێرفۆرمانسێکی ڤیدۆیی نوێی هونەرمەندی کورد د. نیگار حەسیب قەرەداخیە بە بۆنەی رۆژی جیهانی شانۆوە.
لە ماوەی شەست ساڵی یادکردنەوە و ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهاندا لە رۆژی 27ی مانگی ئادار، بەردەوام لە شوێنک، لە شارێک، لە وڵاتێک لەهەمان کاتدا، جەنگ و چەوساندنەوە و لەناوبردن و وێرانکاری هەبووە و هەیە.
ساتێک باسی هونەر و جوانی و رۆشنبیری و ئاشتی و تۆلێرانس دەکرێت، لە هەمانکاتدا ناشیرینی و نەزانی و توندڕەوی و رووخاندنی شارێک، وڵاتێک و کۆمەڵگایەک، گەلێک شانبەشانی ئەمانە بوونی هەیە و زۆرترین جاریش بە دوو قەبارەی جوانیەکانن.
لەم رۆژەدا جیهان سەرقاڵی چەندەها قەیرانی سیاسی و ئابووری و ژینگەیە، لە هەمووی دیارتر و ئێستایتر هەڵبەتە تێمای کۆرۆنا و جەنگی روسیایە دژی ئۆکرانیا، کە بووهتە قەیرانێکى ئابووری گەورە بۆ هەموو جیهان.
نیگار حەسیب قەرەداخی لە رێی هونەرەکەیەوە، لە رێی پێرفۆرمانسە ڤیدیۆیەکانیەوە پرسیارێک دەکات: ئاخۆ پەیام و گرنگی و پێگەی هونەر بەگشتی و شانۆ ئا لەم ساتەوەختانەدا دەبێت چی بێت؟
نیگار لەم بەرهەمە نوێیەیدا لەتەک پێرفۆرمێری ئیسپانی مارتا دێلا هێراس مارتینیز، کە قوتابی خۆیەتی و چەند پرۆژەیەکیان پێکەوە بەئەنجام گەیاندووە، لە رێگەی دەنگ و جوڵەیەکی ساکار، پەیامی خۆی دەگەیەنێتە بینەرەکانی. لەم ڤیدیۆیەدا فلامێنکۆی ئیسپانی و سۆزی کوردی تێکەڵ بەیەک دەبن.
نیگار بەم بەرهەمەی، گوزارشت دەکات لە خەم و توڕەیی خۆی بەرامبەر بە جەنگ و وێرانکاری و توندوتیژی.
لە ڤیدیۆکەدا بەردەوام ماڵ و باڵەخانەی وێرانکرا و چۆڵکراو دەخاتەڕوو، بەڵام پرۆتاگۆنیستەکان لەم شوێنەدا هێشتا هەن و بە چاو پرسیار دەکەن و دەستیان بۆ هیوا و رۆژێکی نوێ درێژ دەکەن وهەوڵی ئازادی و رزگاری دەدەن.
بەڵام شوێنەواری سەخت و برینی جەنگ هەتاهەتاییە و لەسەر جەستە و روحی مرۆڤەکان دەمێنێتەوە.
ئەم ڤیدیۆیە لە رۆژی نەورۆزدا لە لابۆری شانۆی لالش لە ڤییەنا گیراوە و بۆ رۆژی جیهانی شانۆ ئامادەکراوە.