ئه‌كته‌رێكی هۆلیۆد به‌ڵێن ده‌دات.. ئه‌گه‌ر زێلێنسكی میوان نه‌كرێت هه‌موو خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار ده‌تاوێنمه‌وه
K24- هه‌ولێر:
شۆن بین، ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی سینه‌مای ئه‌مه‌ریكی به‌ڵێنیدا، ئه‌گه‌ر له رێوڕه‌سمی ئه‌مشه‌وی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانی له‌ڕێگه‌ی ڤیدیۆ ئۆنلاینه‌وه میوان نه‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی ئۆسكار له رێگه‌ی تاواندنه‌وه له‌ناوده‌بات، كه پێی دراون.
ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی هۆلیۆد گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و زێلێنسكی میوان نه‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ئاهه‌نگی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار باس له قه‌یرانی مرۆیی به‌هۆی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی بكات، ئه‌وا ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی ئۆسكار ده‌تاوێنێته‌وه، كه پێشتر به‌ده‌ستیهێناون.
ئه‌كته‌ره ئه‌مه‌ریكییه‌كه له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ له په‌خشی راسته‌وخۆی سی ئێن ئێن له وڵاتی پۆڵه‌ندا ئه‌و به‌ڵێنه‌یدا، كه به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری له‌سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی په‌نابه‌رانی ئۆكرانیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه، كه ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی ئۆكرانی له ترسی جه‌نگ روویان له‌و وڵاته كردووه و هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا.
ئه‌و گوتی: "هیچ شتێك له‌وه گه‌وره‌تر نییه بۆ خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار، كه ده‌رفه‌تێك به زێلێنسكی بدات قسه بۆ هه‌موومان بكات".
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی ئاماده‌كاری ئاهه‌نگی ئۆسكار گرنگی به‌وه نه‌دات كه ئۆكرانیا رووده‌دات و له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌پێناو ئێمه رووبه‌ڕووی گوللـه و بۆمب ده‌بنه‌وه، ئه‌وا ده‌توانم ئه‌م رێوڕه‌سمه به بێ ئابڕووترین ساته‌كانی مێژووی هۆلیۆد ناو ببه‌م.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌گه‌ر پێشكه‌شكارانی ئاهه‌نگه‌كه، ئه‌كته‌ران و ئه‌وانی دیكه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌یان فه‌رامۆش كرد، ئه‌وا به‌ڵێن به‌خۆم ده‌ده‌م، كاتێك گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌كه‌م، ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی ئۆسكار له شوێنه گشتییه‌كان له‌ناو ده‌به‌م، كه پێم به‌خشراون".
رۆژنامه‌ی گاردیان له‌و باره‌یه‌وه له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك گواستییه‌وه، "زێلێنسكی ره‌تیكردووه‌ته‌وه له ئاهه‌نگی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار له‌ڕێگه‌ی ڤیدیۆلاینه‌وه ده‌ربكه‌وێت".
له دووه‌م رۆژی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، شۆن بین له ئۆكرانیا ده‌ركه‌وت، كاتێك كاری له‌سه‌ر فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری له‌سه‌ر جه‌نگ ده‌كرد.
كامێرا‌كان وێنه‌كانی بینیان له نێوان به‌شداربووانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی تۆماركردبوو، كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی كیێڤه‌وه رێكخرابوو، هه‌روه‌ك گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش له هه‌ژماری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئۆكرانیا له ئینستگرام بڵاوبووه‌وه، له دیمه‌نه‌كانیدا بین له‌گه‌ڵ زێلێنسكی ده‌ركه‌وت.
له نامه‌یه‌كیشدا كه سه‌رۆكایه‌تی ئۆكرانیا له په‌یجی فه‌رمی خۆی له فه‌یسبووك به زمانی ئۆكرانی بڵاویكرده‌وه، ئاماژه به‌وه درا، "هاتووه‌ته ئێره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو رووداوه‌كانی ئۆكرانیا تۆمار بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رهێنه‌ری دۆكیۆمێنتارییه‌كانه و بۆ ئه‌وه‌ی بۆ رووی راسته‌قینه‌ی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان بۆ هه‌موو جیهان ئاشكرا بكات".
ئه‌كته‌ره ته‌مه‌ن 61 ساڵییه‌ی ئه‌مه‌ریكا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆیه، رووی له وڵاتی پۆڵه‌ندا كرد، كه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له تری جه‌نگ له ئۆكرانیا راده‌كه‌ن، روو له‌و وڵاته ده‌كه‌ن و تا ئێستا زیاتر له 2 ملیۆن په‌نابه‌ری ئۆكرانی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و وڵاته.
له وێنه‌یه‌كدا بین به كراسێكه‌وه ده‌ركه‌وتووه، كه دروشمی رێكخراوی "كۆر"ی مرۆیی له‌سه‌ره، كه خۆی یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و رێكخراوه و ئێستا كار بۆ هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران ده‌كات.
له ژیانی هونه‌رییدا بین دوو جار توانیویه‌تی له ساڵانی 3003 و 2008 خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر له‌ده‌ستبهێنێت، هه‌رچه‌ند بۆ ئاهه‌نگی ئه‌مشه‌و كاندید نه‌كرا، به‌ڵام له فیلمی "لیكریش پیتزا" ده‌ركه‌وتووه، كه وه‌ك ركابه‌ری هه‌ره سه‌ره‌كی بۆ سیناریۆ ره‌سه‌نه‌كه سه‌یر ده‌كرێت.
H.B