به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی كۆڕبه‌ندی وزه‌ له‌ دوبه‌ی ده‌ستیپێكرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە
کۆڕبەندی جیهانی وزە لە دوبەی
کۆڕبەندی جیهانی وزە لە دوبەی

K24 - هەولێر

بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی جیهانیی وزە لە شاری دوبەی ئیمارات دەستیپێکرد.

چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە لە کۆڕبەندەکە بەشدارن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.

عەمار نەجمەدین، نێردراوی کوردستان24 بۆ رووماڵی کۆڕبەندی وزە لە دوبەی رایگەیاند: "لە کۆڕبەندەکە چەندین پانێل بەڕێوەدەچن، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسیی و شارەزایانی بواری وزە لەسەر ئاستی جیهان بەشداریان لە کۆڕبەندەکە کردووە. بەشداربووان قسە لەسەر وەبەرهێنانی وزە دەکەن، هەروەها چەند شوێنێکی تایبەت هەیە بۆ دیدار و چاوپێکەوتنی سەرۆک و خاوەن کۆمپانیا بەشداربووەکانی کۆڕبەند".

گوتیشی: "لە کۆڕبەندەکەدا بەشداربووان گفتوگۆ لەسەر ئاستەنگەکانی کەرتی وزە لە جیهان و وەبەرهێنان و پیشەسازی وزە دەکەن، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانەی وزە کە لە جیهان هەیە، هەروەها قسە لەسەر زیادکردنی وەبەرهێنانی وزە دەکرێت، بەڵام بە رەچاوکردنی کەشوهەوا کە زۆر جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکرێتەوە، چۆن پارێزگاری لە کەشوهەوا بکرێت، لەگەڵ پەرەپیدانی کەرتی وزە".

نێردراوی کوردستان24، ئاماژەی بەوەشدا: "ئامانجی کۆڕبەندەکە بە گشتی پلانی داهاتووی وەبەر‌هێنان و پیشەسازی و بەکارهێنانی وزەیە لە جیهان".

راشیگەیاند: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک دیدار و چاوپێکەوتنیان دەبێت، کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دیداریان لەگەڵ وەزیری وزەی ئیمارات دەبێت، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە، باس لە پەرەپێدان و ئایندەی وزە لە هەرێمی کوردستان دەکات، هاوکات تیشکدەخاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی لەو بوارە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە".

عەمار نەجمەدین، باسی لەوەشکرد: "زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی بەشداربووی کۆڕبەندەکە وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە بواری وزە".