ئۆكرانیا: له‌ماوه‌ی 34 رۆژی جه‌نگدا زیاتر له‌ 17 هه‌زار سه‌ربازی سوپای رووسیا کوژراون

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئۆكرانیا زیانه‌كانی سوپای رووسیا ئاشكرا ده‌كات
سه‌ربازێكی ئۆكرانیا له‌به‌رده‌م تانكێكی تێكشكاوی سوپای رووسیا وه‌ستاوه‌.. فۆتۆ: AFP
سه‌ربازێكی ئۆكرانیا له‌به‌رده‌م تانكێكی تێكشكاوی سوپای رووسیا وه‌ستاوه‌.. فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئۆكرانیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، زیانه‌كانی سوپای رووسیای له‌ 24ی شوبات تا 29ی ئادار بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاشكرای كرد، له‌ ماوه‌ی 34 رۆژی جه‌نگدا17 هه‌زار و 200 سه‌ربازی سوپای رووسیا کوژراون، هەروەها 127 فڕۆكه‌، 129 هه‌لیكۆپته‌ر و 597 تانكی تێکشکێنراوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، جگه‌ له‌ كوژرانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی سه‌ربازانی سوپای رووسیا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، هه‌زار و 710 زرێپۆش، 303 تۆپ، 96 سیسته‌می مووشه‌كهاوێژ و 54 سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی رووسیا تێكشكێندراون.

ئەوەشی خستووەتە روو، کە هێزه‌كانی رووسیا، هه‌زار و 178 ئۆتۆمبێل، حه‌وت كه‌شتی و به‌له‌م، 73 ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی و 71 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیان له‌ده‌ستداوه‌.