رێباز حەملان: سەرۆک وەزیران بەرپرسیارێتی گەورەی هەڵگرتووە

"سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بەشێکی زۆری کارنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێ کراوە"
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری راژه‌ و وه‌به‌رهێنان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری راژه‌ و وه‌به‌رهێنان

K24 - هەولێر:

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری راژه‌ و وه‌به‌رهێنان، رێباز حەملان لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لەپێناو بەهێزکردنی ئابووری وڵات، باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم جێبه‌جێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بەشێکی زۆری کارنامەکە جێبەجێ کراوە و بەردەوامیشین لە جێبەجێکردنی تا کۆتایی کابینەکە."

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری راژه‌ و وه‌به‌رهێنان، لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لەبارەی پرۆژە و پلانەکانی وەبەرهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "پێشکەوتنی کەرتی وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابووریی هەر وڵاتێک، پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش هەیە، لەهەمانکاتدا هەماهەنگیی کەرتی گشتی و تایبەت کە زۆر پێویستە، هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانەکانی لەڕووی سیاسی و ئابووری و تەندروستیەوە، بەڵام لەڕووی ئاسایش و ئارامییەوە لە ئاستێکی زۆر باشدایە بەراورد بە باشوور و ناوەڕاستی عێراق."

رێباز حەملان گوتیشی: "بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش ئارامی و سەلامەتی ناوچەکە پارێزراوە، کە ئەمەش ژینگەیەکی لەبارتری بۆ بازرگانی و گەشتوگوزار و دۆخی ئابووری رەخساندووە."

حەملان ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2006 تا کۆتایی 2021، هەزار و 11 پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە کە سەرمایەکەی زیاتر لە 61 ملیار دۆلارە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان 31 هەزار و 27 کۆمپانیا تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 3314 کۆمپانیای بیانین کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

رێباز حەملان باسی لەوە کرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کابینەی نۆیەم کارنامەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دانابوو، بەپێی واقیعی هەرێمی کوردستان بوو، لەو کارنامەیەدا بەشێکی سەرەکی بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان تەرخان کرابوو، کە دەرگای وەبەرهێنانی بەڕووی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆییدا کردەوە."

لەبارەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمەوە گوتی: "لای هەمووان ئاشکرایە ئەم حکومەتە حکومەتێکی هاوپەیمانییە، پێویستە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت بەشداربن لە جێبەجێکردنی هەمان کارنامە کە خۆیان بەشداربوون لە نووسینەوەی."

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری راژه‌ و وه‌به‌رهێنان روونیكرده‌وه‌، بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت زۆرن، لەوانەش قەیرانی کۆرۆنای جیهانی و مەترسی بەردەوامی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرەڕای رووداوە سروشتییەکان و کێشە و ململانێ سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سەرۆک وەزیران کە بەرپرسیارێتی گەورەی هەڵگرتووە و رووبەڕووی هەموو ئاستەنگەکان بووەتەوە، بە دڵنیاییەوە کەشتیەکەی دەگەیەنێتە کەنارێکی ئارام."

H.H