"له رابردوودا پارتی داڵده‌ی زۆربه‌ی سیاسییه‌كانی عێراقی له چیاكان داوه"

K24 - هه‌ولێر:
چالاكوانێكی سیاسی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، دیمه‌نێكی ئێجگار خه‌مگینه، كاتێك ده‌بینم باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا به‌مشێوه ده‌روخێندرێت.
دكتۆر مسته‌فا ئه‌لكوبه‌یسی، چالاكوان و راوێژكاری ستراتیژی سیاسی عێراقی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك رایگه‌یاند، به‌م دیمه‌نه دڵته‌نگ بووم كه به‌مشێوه باره‌گای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا ده‌روخێندرێت، له رابردوودا پارتی داڵده‌ی زۆربه‌ی سیاسییه‌كانی عێراقی له چیاكان داوه و ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ دابینكردوون.
ئه‌لكوبه‌یسی راشیگه‌یاند، "له ئێستا و رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی پاراستووه، زۆرێك له سته‌ملێكراوانی سه‌رخستووه". ده‌شڵێت: "به‌داخه‌وه ئێستا ده‌بینین به‌مشێوه باره‌گای پارتی ده‌سوتێندرێت، یاخوود ده‌روخێندرێت".
شه‌وی( 27 له‌سه‌ر 28ـی ئادار / مارسی 2022) وه‌ك كاردانه‌وه بۆ تویته‌كه‌ی "نایف كوردستانی" كه بۆچوونی تایبه‌تی خۆی له‌باره‌ی هێما ئاینییه‌كان ده‌ربڕیبووه، ژماره‌یه‌ك كه‌س هه‌ڵسان به سووتاندنی باڵه‌خانه‌ی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا.

به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، پارتی وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر ئەوەی کە هێزە عێراقیەکان نەیانتوانیووە بارەگاکەیان بپارێزن باره‌گای لقی پێنج ده‌روخێنێت.
