یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یه‌ك مانگی ماوه‌ و به‌سه‌ر ده‌چێت

له‌كاتی كارانه‌بوونی په‌رله‌مان چۆن یاسایه‌كی وه‌ك یاسایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر درێژده‌كرێته‌وه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/28e3d920-e773-47ab-a540-e663066af874/yasay%20barangarbunaway%20tiror.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

تەنیا یەك مانگ ماوە بۆ ئەوەی وادەی کارپێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەسەرچێت، لە كاتێكدا ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕكردن دژی تیرۆر بەردەوامە، پەرلەمانی كوردستانیش ھەوڵدەدات بەر لەو وادەیە كێشەی بۆشایی یاساكەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە رێی ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی كوردستانەوە چارەسەر بكات.

شەڕ لە دژی تیرۆر، كوردستان رێك لەو شەڕەدایە و جیھانیش پێشمەرگە بە كاریگەرترین ھێز دادەنێت لە شەڕكردن دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵام ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەركراوە، تەنیا مانگێكی ماوە كاری پێبكرێت و وادەی یاسایی كارپێكردنی تەواو دەبێت.

پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەكات پەكخستنی پەرلەمان ھۆكارێكە بۆ ئەوەی نەتوانرێت یاسایەكی گرنگی لەم شێوەیە ھەموار بكرێتەوە.

یاسای ژمارە (3) ساڵی 2006 لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەكراوە، كە ئەوكات یاسایەكە تەنیا بۆ 2 ساڵ دەرچووبوو، دواتر سێ جاری دیكە بێ ئەوەی ھەموار بكرێتەوە ماوەی كارپێكردنی بۆ درێژكراوەتەوە، دوایین جاریش ساڵی 2014 و لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بوو. ئەم پەرلەمانتارەی پارتیش دەڵیت ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی كوردستان دەتوانێت گرفتی بۆشایی یاسایی بەم بابەتە چارەسەر بكات.

كوردستان 24 زانیویەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی وادەی كارپێكردن بەم یاسایە، نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی داد كردووە، ئێستا ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی كوردستانیش خەریكی تاوتوێكردنی پرسەكەیە بۆ ئەوەی لەمبارەوە ڕای خۆی دەربڕێت.