زانیاری نوێ لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق

گفتوگۆ بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی هەیە
هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق
هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زیادیکردووە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە باڵەخانەی پەرلەمان، کە بڕیارە لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەنگدان بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆببنەوە".

گوتیشی: "ئەگەر رێژەی یاسایش تەواو نەبێت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان هەر دەکرێت، بۆ ئەوەی دەنگ بە ئەندامانی لیژنەی دارایی بدرێت".

پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشدا: "چەند ئەگەرێک لە ئارادان بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، رەنگە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بۆ ماوەیەک دوابخرێت، چونکە گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان هەیە، هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بکرێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، ژمارەی پەرلەمانتارانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەراود بە شەممەی رابردوو زیادیکردووە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە رێژەی یاسایی تەواو دەبێت یان نا.