بەھاوکاری و پشتیوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مزگەوتی (الخطيب) له شاری ههولێر کرایەوە
K24- ههولێر:
شەوی سێ شەممە 29 ئادار 2022 بەئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، د. عبداللە وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام، ژمارهیهك میوان و مامۆستایانی ئایینی، بەھاوکاری و پشتیوانی حکومەتی ههرێمی کوردستان، مزگەوتی"الخطيب" لەشاری ھەولێر کرایەوە.
لەگوتەیەکدا د. پشتیوان سادق پیرۆزبایی ئاراستەی موسوڵمانان و دانیشووانی سنوورەکە کرد و دەستخۆشی لە خێرخوازان کرد بۆ دروستکردنی مزگەوت بەشێوەیەکی مۆدێرن و بەپێی رێنمایەکان.
ههروهها رایگەیاند، گەورەترین نیعمەتی خودای گەورە و میھرەبان ئارامی و ئاسایش و تەناھییە بۆ کوردستانی ئازیزمان، ئەویش بە ھیمەتی رەنج و شەونخونی سەرجەم ھێزەکانی ئارامیە لە دروستکردنی کەشێکی لەباری ھێمنی، ئەم جیاوازییە بەتەواوی دەبینرێت لە نێوان کوردستان و ناوچەکە بەگشتی، ئەمەش شانازییە بۆ کوردستان، کە ھەمیشە وەك خانەخوێ پێشوازی لە لێقەوماوان و ئەوانە کردووە، کە رووی تێدەکەن، کولتووری دەستگرتن و ھاوکاری مێژوویەکی درەوشاوەی خەڵکی کوردستان و خەباتی سەرکردەکانی کوردە، کە ھەمیشە ئایین پەروەری و نیشتیمان پەروەریان کردووهتە بنەمای خزمەت بۆ کورد و کوردستان.
H.B