کۆشکی سپی: پوتین لەباره‌ی ئۆکرانیا زانیاری ھەڵەی پێدراوە

زانیارییەکان سەبارەت بە توانای خراپی سوپای رووسیا و کاریگەریی سزا ئابوورییەکانە
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیکدا لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی وڵاتان
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیکدا لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی وڵاتان

K24 - هەولێر:

کۆشکی سپی بڵاویكرده‌وه‌، بەڵگەیان لەبه‌ر ده‌ستدایه‌ لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین زانیاری ھەڵەی سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا پێدراوە و ئەمە بووه‌ته‌ هۆی درووستبوونی گرژی لە نێوان پوتین و بەرپرسە سەربازییەکانی رووسیا.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، کەیت بەدینگفیڵد لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە کۆشکی سپی، وەڵامی ئه‌و بانگه‌شانه‌ی دایه‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن "ئەمریکا زانیاری ھەواڵگری لەژێر دەستدایە سەبارەت بەوەی پوتین زانیاری ھەڵەی پێدراوە" و لە میدیاکانی ئەمریکادا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

کەیت بەدینگفیڵد ئاماژەی بەوە کرد کە لێدوان لەسەر بۆچوونی پوتین لەسەر ئەم پرسە نادات و گوتی: "بەڵام دەتوانم ئەوه‌ بڵێم بەڵگەمان لەبه‌ر دەستدایە لەسەر ئەوەی کە پوتین ھەستیکردووە لەلایەن سوپاوە زانیاری ھەڵەی پێدراوە و ئەمە رێگای بۆ درووستبوونی گرژی لە نێوان پوتین و بەرپرسە سەربازییەکان کردووەتەوە. بڕوامان وایە پوتین زانیاری ھەڵەی سەبارەت بە توانای خراپی سوپای رووسیا و کاریگەریی خراپی سزا ئابوورییەکان پێدراوە".

به‌ره‌به‌یانی 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022)، كه‌ ده‌شێت ئه‌م مێژووه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی سێیه‌می جیهانی، رووسیا له‌ 3 قۆڵه‌وه‌ هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی كرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا، زیاتر لە مانگێکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا لە خاکی ئۆکرانیادا کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

AA