هەر کچ و کوڕە مودێلێک لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ڤیدیۆ بڵاوبکاتەوە سزا دەدرێت

هاتووچۆ و داواکاری گشتی و دادگای لێکۆڵینەوە بڕیار دەدەن
وێنەی کچە مۆدێلێکی کوردستان
وێنەی کچە مۆدێلێکی کوردستان

K24 – هەولێر

پۆلیسی هەولێر، رایدەگەیەنێت، ژمارەیەک کەس بەناوی "کوڕە مودێل و کچە مۆدێل"، ڤیدیۆ لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە، کە ئەمە سەرپێچییە، رێکاری یاسایی لە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ماوەیەکە تێبینی دەکرێت کۆمەڵێک کەس بەناوی ( کوڕە مۆدێل و کچە مۆدێل یوتیوبەر و سناپەر و ڤاینەر) پەیدابوونە گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان دەگرن لەکاتی لێخوڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیا بڵاوی دەکەنەوە، کە ئەمەش جگە لەوەی خودی کارەکەیان سەرپێچیە لە یاساکانی هاتووچۆ، لە هەمانکاتدا هاندەرێکیشە بۆ خەڵکانی تر لە چاویان لێبکەنەوە و سەرپێچی دووبارە بکەنەوە، کە هەموو سەرپێچیەکیش لە یاسای هاتووچۆ ئەگەرێکە بۆ کەوتنەوەی رووداوێکی هاتووچۆ".

ئاماژە بەوەشکراوە: "ئێمە لە هاتووچۆ لایەنی بەرپرسین لە کەمکردنەوەی رووداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ، بۆیە بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکەین و سزایان بدەین لەسەر ئەو کارەی دەیکەن. بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی داواکاری گشتی و دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر لەسەر خەتین بۆ رێکارە یاساییەکان".