پوتن لەلایەن جەنەراڵەکانیەوە درۆی لەگەڵ کراوە؟

"سەرۆکی رووسیا هەڵەیەکی گەورەی کردووە لە هەڵسەنگاندن و توانای هێزە سەربازییەکەی"
سه‌ربازێكی دیلی سوپای رووسیا له‌ ئۆكرانیا.. فۆتۆ: FADEL SENNA / AFP
سه‌ربازێكی دیلی سوپای رووسیا له‌ ئۆكرانیا.. فۆتۆ: FADEL SENNA / AFP

K24 – هۆڵه‌ندا:

فابریتسیۆ دراگۆزێی رۆژنامەنووسی رۆژنامەی کۆریێرە دێللە سێرای ئیتاڵی بەدواداچوونێکی کردووە، لەسەر کێشەی کرملن و هۆکاری سەرنەکەوتنی لەشکری رووسیا تا ئێستا لە هێرش بۆسەر ئۆکرانیا.

فابریتسیۆ دراگۆزێی نووسیویەتی: لەشکرێك خۆی لە گیروگرفتێکی زۆر گەورەدا دەبینێتەوە، تەنانەت سەرکردەی باڵای سوپا بە درووستی و وردی ئاگادارناکرێت، کە سەرباز و لەشکرەکەی لە ئۆکراینا رووبەڕووی چی بوونەوەتەوه‌. ئەوەیە کە زۆربەی شرۆڤەکارانی رۆژئاوای گەیاندووه‌تە ئەو بیرو باوەڕەی کە ڤلادیمێر پوتن، ئاگادارنەکراوەتەوە لە راستیەکان و هەواڵ و زانیاری هەڵەی لەلایەن وەزیری بەرگریەکەیەوە پێدرابێت.

هەروەها ئەو رۆژنامەنووسە دەنووسێت: وتەبێیژی پێنتاگۆن و بەریتانییەکان، رایانگەیاندووە، کە سەرۆکی رووسیا هەڵەیەکی گەورەی کردووە لە هەڵسەنگاندن و توانای هێزە سەربازییەکەی، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە راوێژکار و باڵا دەستەکانی ناو لەشکر ناوێرن لەراستییەکان ئاگاداری بکەن.

بە راستیش لە رۆژانی یەکەمی هێرشەکەدا بۆ سەر ئۆکرانیا، سەرۆکی رووسیا نارەزایی دەربڕی بەرامبەر بەهەرەسهێنانی زانیارییەکان و سەرۆکی پێنجهەمین خزمەتگوزاری ئاسایشی فیدراڵی (FSB) سێرگێی بێزێدا و جێگرەکەی ئاناتۆلای بۆلیوکی لەژێر مانەوەی ئیجباری دەستبەسەرکرد، لەبەر ئەوەی کارەکانیان بە شێوەیەکی خراپ (یان زۆر خراپ) و دوور لە لۆجیک بەڕێکردووە، ئەنجامی ئەو درۆیانەیە، کە گوایە چوونەپێشەوەیەکی بەپەلە بەرامبەر هێزەکانی کیێڤ روودەدات و دواتر دەتوانرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ ئۆکرانییەکان ناچار بکەن بە دانیشتن و پاشەکشە.

فابریتسیۆ پرسیار دەکات، ئایا دڵنیاین کە کارەکان بەو شێوەیەن؟ لەوەڵامدا نووسیویەتی: راگەیەندراوێکی وتەبێژی کرملین پێسکۆڤ، هەموو ئەو زنجیرە باس و خواستانە بەدرۆدەخاتەوە، گەر بەشێوەیەکی راشکاوانەش نەبێت، تەنانەت پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش زانیاری تەواو و وردیان هەیە، کە چی لە کرملن دەگوزەرێت و تێناگەن چی روودەدات.

ئەو رۆژنامەنووسە ئیتاڵیە ئاماژە لێدوانێکی پێسکۆڤ دەکات: دوور لە دوودڵی راستی راپۆرتەکان، کە بە پوتن دەگات، پێویستە تەماشای راستییەکان بکەین کە روودەدەن، دەکرێت کشانەوەی هێزەکانی رووسیا لە باکوور تەنیا بۆ خۆرێکخستنەوەیەکی سادەبێت.

فابریتسیۆ باس لە کێشەی گەورەی هێزە شەڕکەرەکانی رووسیا لە دەورووبەری کیێڤی پایتەخت دەکات و دەنووسێت: ئەو هێزانە بێ پێداویستیی شەڕکردن لە چەک و سووتەمەنی و خواردن مابوونەوە، گەرانەوەیان بۆ بێلارووس یان بەرەو سنووری رووسیا، رێگە بەسەرکردەکان دەدات بەشێوەیەکی باشتر یەکەسەربازییەکان رێکبخەنەوە بەتایبەتی دوورەکانی وەک سیبێریا و رۆژهەڵاتی دوور. لە هامانکاتیشدا کیێڤ و هەموو ئامانجەکانی دیكه‌ی رۆژاوای ئۆکرانیا دەتوانرێت لە رێی دەریای رەش و سنوورەکانی رووسیاوە بە رۆکێتی کروس، بۆ نموونە ئاراستە بکرێن و بەشێوەیەش هەڵە روونادات، کە هێزەکانی رووسیا خۆیان بکرێنە ئامانج.

هەروەها بینیمان کە مێدینسکی دانووسکارە رووسیەکە و لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە، هەردووکیان رایانگەیاند، کە گەشبینن بە دانووسانەکانی نێوان هەردوولا، بەڵام ئەوەشیان نەشاردەوە کە مۆسکۆ ئامادەنییە هیچ سازشێک لەسەر خاڵە سەرەکییەکانیان بکات، ئەمەش ئەو دوودڵیە زیاددەکات، کە مۆسکۆ کۆبوونەوەکانی تورکیا تەنیا فێڵێگ بێت و تەنیا بیەوێت کات لە بەرژەوەندی خۆی رابکێشێت، بەپێی ئەو لێکدانەوەیەش بیرۆکەکە بریتیە لە لە بەدەستخستنی سەرکەوتن لە باشووری رۆژهەڵات، بەبێ لەبیرچوونەوەی ئامانجە سەرەکییەکە، کە خۆی لە داگیرکردنی کیێڤ و رووخانی حکومەتی ئێستایە.

فابریتسیۆ دراگۆزێی لەکۆتاییدا دەنووسێت: زیادکردنی هێز و یەکەی سەربازی لە دۆنباس ببێتە هۆکارێک بۆ گەمارۆدانی هێز و یەکە بەرگریکارە ئۆکرانییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو، کە بە بەهێزترین هێز و یەکەی تۆکمەی کیێڤ هەژماردەکرێن و دواتر بگەڕێنەوە سەر ئامانجەکانی خۆیان و پەرە بە داگیرکاریەکانیان بدەن.