ئەمەریکا هەوڵدەدات جۆرە تانکێک بۆ ئۆکرانیا بگوازێتەوە

بۆ ئەوەی لە دۆنباس بەرگرییەکەی بەهێزتر بکات
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار بۆ گواستنەوەی تانکی دروستکراوی یەکێتی سۆڤیەت دەکات بۆ ئۆکرانیا.

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە "ئەمەریکا لە هەوڵدایە بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی تانکی دروستکراوی سۆڤیەت بگوازێتەوە ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی لە ناوچەی دۆنباس بەرگرییەکەی بەهێزتر بکات، کە رووسیا هێزێکی زۆری لەو ناوچەیە کۆکردووەتەوە".

هەرچەندە ژمارەی ئەو تانکانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە "سەرۆکی ئۆکرانیا داوای کردووە ئەو کارە بە زوویی بکرێت و تانکەکانیان بۆ بنێردرێت".

 لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، 300 ملیۆن دۆلاری دیکەیان وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا تەرخانکردووە، تا توانای بەرگرییەکەی بەهێزتر بکات.