"چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەری نوێ دەخاتەڕوو"

دانووستاندن لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان و سەربەخۆکان دەکرێت
چوارچێوەی هەماهەنگی
چوارچێوەی هەماهەنگی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقوون رایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوو رۆژی داهاتوودا دەستپێشخەرییەکی تازەی دەبێت لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

مەحموود روبەیعی، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقوون لە لێداوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو پەیامەی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەرچووە، ئاماژەیەکی روونە بۆ چارەسەر و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستا".

روبەیعی ئاماژەیداوە "چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەکی تازەی هەیە و بە تەواوکردنی دەستپێشخەریی گشتگیری نیشتمانی، لە دوو رۆژی داهاتوودا دانووستاندن لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان و سەربەخۆکان دەکرێت".

لە دوا کۆبوونەوەیاندا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە "هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیە بۆ دیالۆگی جددی و بنیاتنەر، لەگەڵ هەموو کوتلەکان و سەربەخۆکان بۆ دەرچوون لە دۆخی گەمارۆی سیاسی".

لە خاڵێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "رازیبن لەسەر بەرنامەی حکومەت لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لەسەری رێکبکەون و هاودەنگی جێبەجێکردنی بکەن لەلایەن ئەوانەی دەیانەوێت کوتلە براوەکان بن کە پابەندن بە بەرنامەکەوە و شیاون بۆ بەڕێوەبردنی وڵات".