گه‌نجێكی توركیا به‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار ساڵ زیندانیكردن سزادرا

2027 كه‌س سكاڵایان لێكردووه‌
فاروق فاتح ئۆزۆر، دامه‌زرێنه‌ری سه‌كۆی دراوی ئه‌لیكترۆنی "سۆدێكس"، به‌ تۆمه‌تی فێڵكردن دادگایی كرا
فاروق فاتح ئۆزۆر، دامه‌زرێنه‌ری سه‌كۆی دراوی ئه‌لیكترۆنی "سۆدێكس"، به‌ تۆمه‌تی فێڵكردن دادگایی كرا

K24 - هه‌ولێر:

فاروق فاتح ئۆزۆر، دامه‌زرێنه‌ری سه‌كۆی دراوی ئه‌لیكترۆنی "سۆدێكس- Thodex" به‌هۆی فێڵكردنه‌وه‌، 2027 كه‌س سكاڵایان لێكردووه‌، بۆیه‌ له‌ دادگای ئه‌سته‌مبۆڵ دادگایی كرا و بۆ ماوه‌ی 40 هه‌زار و 562 ساڵ زیندانیكردن سزا درا.

ئۆزۆر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ "گه‌وره‌ترین فێڵباز"ی له‌ مێژووی توركیا تۆمه‌تباركراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو ملیار دۆلاری خه‌ڵكی بردووه‌ و رایكردووه‌.

په‌ڕاوی تۆمه‌ته‌كه‌ی ئۆزۆر له‌ 268 لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌ و نووسینگه‌ی داواكاری گشتیی ئه‌سته‌مبۆڵ ئاماده‌ی كردووه‌، تێیدا‌ 21 كه‌س له‌ كه‌یسه‌كه‌ تێوه‌گلاون، جگه‌ له‌ ئۆزۆر، خوشك و برایه‌كیشی تۆمه‌تباركراون، كه‌ 2027 سكاڵاكار له‌ كه‌یسه‌كه‌ هه‌یه‌.

دادگای ئه‌سته‌مبۆڵ 40 هه‌زار و 562 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ر فاروق فاتح ئۆزۆر-دا سه‌پاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوا له‌ پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌، دامه‌زرێنه‌ری سه‌كۆی دراوی ئه‌لیكترۆنی "سۆدێكس" به‌هۆی فێڵكردن و بردنی پاره‌ی خه‌ڵك، راده‌ستی توركیا بكرێته‌وه‌.