به‌غدا نایه‌وێت هه‌موو گه‌نمی كوردستان بكڕێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بریاریداوه كه ته‌نها 70%ی گه‌نمی هه‌ر جوتیارێكی هه‌رێمی كوردستان بكڕێته‌وه، واته ئه‌گه‌ر جوتیارێك 10 تۆن گه‌نمی هه‌بێت ده‌بێت ته‌نها 7 تۆنی لێوه‌ربگیرێت.
ئه‌ندازیار ئه‌مین محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای بازرگانی دانه‌وێڵه لقی سلێمانی به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی به‌غدا ته‌نها بۆ زیان لێدانه له جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌و بڕیاره كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان و كاری سایلۆكانیش ده‌بێت. وتیشی: ته‌نها له سایلۆی سه‌یدسادق 1500 ئۆتۆمبێل سه‌ره‌یان تۆماركردووه بۆ راده‌ستكردنی گه‌نم.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به كوردستان 24ی راگه‌یاند، له پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكیش بۆ ئه‌و دۆخه، له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به په‌له له‌نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كاندا كراوه و په‌یوه‌ندی به به‌غداشه‌وه كراوه، به‌لام تاوه‌كو ئێستا هه‌وڵه‌كان بێ سوود بوون.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق رایگه‌یاندوه كه تا ئیستا 2 ملیۆن تۆن له گه‌نمی ناوخۆیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان كڕیوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌شی به ئاستێكی زۆر به‌رز وه‌سفكردوه.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی ، به‌غدا 50 هه‌زار تۆن گه‌نمی ده‌ره‌كی كڕیوه و به گوێره‌ی سه‌رچاوه عێراقییه‌كان، ئه‌و كه‌شتیه‌ی گه‌نمه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه ئالای دووره‌گه‌كانی مارشاڵی له‌سه‌ر بووه.