راگەیەندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییه‌وه‌

"رەچاوکردنی کاتی ئەو وانانەی لە کاتی ئێواراندان"
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر كه‌م ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵادا هاتووه‌، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆک زانکۆ بەڕێزەکان بۆ رەچاوکردنی کاتی ئەو وانانەی لە کاتی ئێواراندان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراو:

وێڕای پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز لەسەرجەم موسڵمانان، بەفەرمانی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی رەچاوکردنی بارودۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان لە مانگی رەمەزاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە:

یه‌كه‌م:  کەمکردنەوەی کاتی دەوامی فەرمانبەران بۆ ماوەی یەک كاتژمێر.

دووه‌م: سەعات 09:00ـی بەیانی کاتی دەستپێکردنی وانەی یەکەم دەبێت.

سێیه‌م: کەمکردنەوەی کاتی وانەکان (پراکتیکی و کردارەکی) بۆ ماوەی نیو كاتژمێر، بۆ ئەو وانانەی دوو یاخوود سێ كاتژمێرین.

چواره‌م: دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆک زانکۆ بەڕێزەکان بۆ رەچاوکردنی کاتی ئەو وانانەی لە کاتی ئێواراندان و دەکەونه‌ کاتی بەربانگ بە شێوەیەک لەهەموو حاڵەتێکدا وانەکان (تیۆری و پراکتیکی)، نیو كاتژمێر پێش بەربانگی ئیواران کۆتاییان پێ بێت.