ئۆكرانیا: توانیومانە 30 ناوچە لەژێر دەستی سوپای رووسیا کۆنترۆڵ بکەینەوە

"سوپای رووسیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی ئامادەکاری بۆ هێرشێکی فراوان لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە دەکات"
هاووڵاتییه‌كی ئۆكرانیا له‌ پاڵ تانكێكی تێكشكاوی سوپای رووسیا ئاماژه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ ده‌كات.. فۆتۆ: AFP
هاووڵاتییه‌كی ئۆكرانیا له‌ پاڵ تانكێكی تێكشكاوی سوپای رووسیا ئاماژه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ ده‌كات.. فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، توانیویانە 30 ناوچە لەژێر دەستی سوپای رووسیا کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلی سەربازی سوپای رووسیادا گرتووە، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە نەیانتوانیوە بیگوازنەوە.

ئۆلیکسی ئارستۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاشکراشی دەکات، کە سوپای رووسیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی ئامادەکاری بۆ هێرشێکی فراوان لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە دەکات.

راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا گوتی: لەماوەی چەند رۆژدا لە ئاراستە سەرەکییەکانی کییڤ رووبەڕووی سوپای رووسیا بووینەوە، بە تایبەت لە باکووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتەوە، سوپای وڵاتەکەمان توانیویەتی 30 ناوچە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی رووسیا کۆنتڕۆڵبکاتەوە.

گوتیشی: دەستمان بەسەر زۆرێک لە کەلوپەلی سەربازییەوە گرت، کە بەهۆی بێ سووتەمەنییەوە بەجێمابوون، گواستنمانەوە بۆ سوپای ئۆکرانیا. لەلایەکی دیکە دەبینین دوژمن دەیەوێت خۆی کۆ بکاتەوە بە ئاراستەی هیرشکردنی نوێ بەڵام لەراستیدا تەنیا دەیانەوێت رێگری لەو شکستە بکەن، کە رووبەرووی سوپاکەیان بووەتەوە.