لە 73مین ساڵیادی دامەزراندنیدا.. ناتۆ چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە بۆ ئاسایشی ئەوروپا

"لە دوای جەنگی ساردەوە ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە رووبەڕووی ئەوروپا بووبێتەوە"
سەربازانی ناتۆ
سەربازانی ناتۆ

K24 - هەولێر:

بەهۆی کاریگەری جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا کە پاش جەنگی دووەمی جیهانی بە گەورەترین کاولکاری دادەنرێت لە ئەوروپادا، ناتۆ لە 73مین ساڵیادی دامەزراندنیدا رۆڵێکی هەستیارتر دەگێڕێت لە ئاسایشی ئەو کیشوەرەدا.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بە ئامانجی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئاسایشی خۆرئاوای ئەوروپا، ناتۆ لە چوارچێوەی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەنتیک وەک یەکەیەکی سیاسیی و سەربازیی دامەزرا.

ناتۆ کە ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پاراستن و بەرگریکردن لە ئاسایشی هاوپەیمانان، ئەندامانی هەردوو بەرەی ئەتڵەنتیک لە دەوری بەها هاوبەشەکانی وەک دیموکراسی و سەروەری یاسا کۆدەکاتەوە.

ناتۆ ئاماده‌باشی ده‌كات
ناتۆ ئاماده‌باشی ده‌كات

گرنگترین رەهەندی ئەو هاوبەشییە لە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەنتیکدایە کە پابەندیە بە بەرگریی هاوبەش. ئەم ماددەیە پێشنیازی ئەوە دەکات ناتۆ بەرگریی لە ئەندامانی بکات کە هەر کات رووبەڕووی هێرشێک یان مەترسییەکی هێرش بوونەوە و هەر هێرشێک بۆسەر ئەندامێکی بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامانی ئەژمار بکرێت.

- فراوانبوونەکان

ناتۆ کە سیاسەتی دەرگای کراوە پەیڕەو دەکات و دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە بۆ هەموو وڵاتانی ئەوروپا ببنە ئەندام تیایدا کە هەموو مەرجەکانیان تێدابێت، کاتێک دامەزرا لە ساڵی 1949دا لە 12 ئەندام پێکهاتبوو، ئەمڕۆ لە دوای 73 ساڵ 30 ئەندامی هەیە.

ناتۆ کە بە واژووی ئەمریکا، بەلجیکا، بەریتانیا، دانمارک، فەڕەنسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئایسلاند، کەنەدا، لوکسەمبورگ، نەرویج و پورتوگال دامەزرێندرا، یۆنان لە ساڵی 1952دا لەگەڵ تورکیا پەیوەندییان پێوە کرد.

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا
هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا

ئەڵمانیا لە ساڵی 1955دا، ئیسپانیا لە ساڵی 1982دا پەیوەندیان بە ناتۆوە کرد و لە ساڵی 1999دا کۆماری چیک، هەنگاریا و پۆڵەندا بوونە ئەندام تیایدا.

لەگەڵ زیاتر بەرفراوانبوونیدا لە ساڵی 2004دا بولگاریا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا بوونە ئەندامی ناتۆ، هەر یەك لە ئەلبانیا و کرواتیا لە ساڵی 2009دا و مۆنتینیگرۆ لە ساڵی 2017دا و مەقدۆنیای باکوور لە ساڵی 2020دا بوونە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە.

- کاری هاوپەیمانییەکە

بارەگای سەرەکی ناتۆ لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکایە، لێرە بڕیارەکانی هاوپەیمانییەکە بە "کۆی دەنگ"ی 29 وڵاتی ئەندام، پەسەند دەکرێن.

وڵاتانی ئەندام لە ئاستی جیاوازدا پێکەوە کۆدەبنەوە و دەربارەی پرسە ئەمنییەکانیان راوێژ بە یەک دەکەن.

لە بارەگی سەرەکی، هەر وڵاتێک لە رێی نوێنەرێکی هەمیشەییەوە چالاکییەکانی ئەنجام دەدات. ئەو نوێنەرە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەکات لەناو ناتۆدا، هەروەها بەشداری راوێژکارییەکان دەکات و لە میکانیزمی بڕیارەکانیشدا رۆڵی سەرەکی هەیە.

- ئەرکی کۆڕبەندی ئەتڵەستیبڕ

ساڵانە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام دووجار و وەزیرانی بەرگری چوار جار لە بارەگای سەرەکی ناتۆ، کۆدەبنەوە.

سەرکردەی وڵاتانی ناتۆ لە هەر دوو ساڵێکدا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە کۆبوونەوەیەکی لوتکە ساز دەکەن.

وڵاتانی هاوپەیمان لە کۆڕبەندی ئەتڵەسیبڕدا لەبارەی پرسە ئەمنییەکانیانەوە راوێژ دەکەن و ئەم راوێژانەش لەسەر ئاستی لووتکەی وڵاتانی ئەندام بەڕێوەدەچێت.

- لووتکە نائاساییەکان و زیادبوونی گرنگی ناتۆ

تا ئێستا ناتۆ 31 کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجامداوە کە لەو ژمارەیەش دووانیان کۆبوونەوەی نائاسایی بوون.

ئەو دوو کۆبوونەوەیەش یەکێکیان لە 25ی شوبات بەشێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس و ئەوی دیکەشیان لە 24ی ئاداردا لە بڕۆکسل، ئەنجامدران و ئامانجی کۆبوونەوەکان، گفتوگۆکردن بوو لەسەر هەڵوێستی درێژمەودای ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەو رەوشەی دوای هێرشەکانی رووسیا هاتووەتە ئاراوە.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ناتۆ کۆکبوون لەسەر ئەوەی "لە دوای جەنگی ساردەوە ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە رووبەڕووی ئەوروپا بووبێتەوە" و "گەورەترین وێرانکارییە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە"، بڕیاریشیان دا کە لایەنی سەربازیی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بەهێز بکەن و هاوکاری ئۆکرانیا بکەن.

دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2021دا، جموجۆڵە سەربازییەکانی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادیان کرد، ناتۆ هێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی وڵاتانی رۆمانیا، بولگاریا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا کرد کە دەکەونە باڵی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکەوە.

بڕیاریشە لووتکەی داهاتوو لە 29-30 حوزەیراندا لە شاری مەدرید پایتەختی ئیسپانیا، ساز بکرێت.

سەرچاوە: AA