حکومەتی ئۆکرانیا داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات

"ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات تاوانی جەنگە"
هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا
هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

کارلا دێل پۆنتێ، داواکاری گشتی پێشووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات تاوانی جەنگە و دەبێت وەک تاوانباری جەنگ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەربکرێت.

کارلا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ "ئومێدم دەخواست جارێکی دیکە گۆڕی بە کۆمەڵ نەبینمەوە، چونکە قوربانییەکان کەسوکاریان هەیە و نازانن چی بکەن، ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات تاوانی جەنگە و کارێکی قەبووڵکراو نییە".

کارلا دێل پۆنتێ، لە ساڵانی 1999 و 2001 لە دۆسیەی دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ لە یۆگسلاڤیا و رواندا داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە "رەوتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئۆکرانیا ئاسانترە لە لێکۆڵینەوەکانی یۆگسلاڤیا، چونکە خودی حکومەتی وڵاتەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی کردووە".