ئۆکرانیا سوپای رووسیا بە رفاندنی سەرۆکی شارەوانییەکان تۆمەتبار دەکات

K24 - هەولێر
ئێرینا ڤێرشوک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا رایگەیاند، 11 سەرۆک شارەوانی و بەرپرسانی و حکومەتە خۆجێییەکانی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای رووسیاوە رفێندراون.
ڤێرشوک لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ "تاوەکوو ئێستا 11 سەرۆک شارەوانیی و بەرپرسانی حکومەتە خۆجێیەکانی دەوروبەری کیێڤ، خیرسۆن، خارکێڤ، زاپۆرۆژیا، میکۆلایڤ و دۆنێتسک لەلایەن سوپای رووسیا و دەستگیراون".
جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا داوا لە رێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور، نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکات، هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ تاوەکوو ئەو بەرپرسانە لە دەستی رووسیا ئازاد بکەن و بیانگەڕێننەوە.